ئێران: گەرووی هورمز تەنیا بەڕووی دوژمنانماندا داخراوە

گەرووی هورمز
گەرووی هورمز

سەید عەلی موسەوی، نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە رێکخراوی نێودەوڵەتی کەشتیوانی رایگەیاند، گەرووی هورمز دانەخراوە، تەنیا دەبێت کەشتییەکان لەپێناو پاراستنی خۆیان و سەرنشینانیان پێشوەختە ئاگاداریان بکەنەوە.

سەید عەلی موسەوی ئاماژەی بەوە دا، گەرووی هورمز جگە لە "دوژمنان" بۆ هەمووان کراوەیە، هەروەها کەشتییەکان لەپێناو پاراستنیان دەبێت لەگەڵ لایەنی ئێرانیدا هەماهەنگ بن.

نوێنەری هەمیشەیی ئێران روونیشی کردەوە، تاوەکوو ئێستاش دیالۆگ و دیپلۆماسی بژاردەی لەپێشینەیانە، بەڵام لەوە گرنگتر راگرتنی هێرش و دەستدرێژییەکانی سەر وڵاتەکەیانە.

لە کۆتاییدا ئەوەشی خستە روو، ئامادەن لەپێناو ئازادیی کەشتیوانی لەگەڵ رێکخراوی نێودەوڵەتی کەشتیوانی و وڵاتانی دیکە گفتوگۆ و هاوکاری بکەن.

لە 28ی شوباتی 2026ەوە، بەهۆی دەستپێکردنی جەنگی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، قەیرانی گەرووی هورمز سەری هەڵداوە. هێزەکانی ئێران هاتوچۆی کەشتییەکانیان لە گەرووەکەدا سنووردار کردووە و تەنیا رێگە بەو کەشتییانە دەدەن تێپەڕ بن پەیوەندییان بە "دوژمنانی ئێران"ەوە نییە.

لە بەرانبەر ئەمەشدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا مۆڵەتی 48 کاتژمێری داوەتە ئێران بۆ کردنەوەی تەواوەتیی گەرووی هورمز، هەروەها هەڕەشەی ئەوەی کردووە ئەگەر لەو ماوەیەدا گەرووەکە نەکرێتەوە، ئەوا وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی وزەی ئێران وێران دەکات. 

لە لایەکی دیکەوە، رێکخراوی نێودەوڵەتی کەشتیوانی لە 18 و 19ی ئاداری 2026 کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لە لەندەن رێکخست بۆ تاوتوێکردنی قەیرانەکە. لە کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی رێکخراوەکە سەرکۆنەی هەڕەشە و هێرشەکانی سەر کەشتییە بازرگانییەکانی کرد و داوای رێڕەوێکی ئارامی دەریایی کرد بۆ رزگارکردنی ئەو کەشتییانەی لە کەنداو گیریان خواردووە.

 ئەم قەیرانە مەترسییەکی گەورەی لەسەر ئابووریی جیهان دروست کردووە، چونکە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوت و گازی سروشتیی جیهان بەو گەرووەدا تێپەڕ دەبێت.