"حەرامکردنی مۆبایلی زیرەک" زیانی گەورەی بە جوولەکە توندڕەوەکانی ئیسرائیل گەیاند

ژمارەیەک جوولەکە توندڕەوەکانی ئیسرائیل لە شوێنی بۆمبارانەکەی شاری دیمۆنا (AFP)
ژمارەیەک جوولەکە توندڕەوەکانی ئیسرائیل لە شوێنی بۆمبارانەکەی شاری دیمۆنا (AFP)

بەکارنەهێنانی مۆبایلی زیرەک، ژمارەیەکی زۆری حەرێدیمەکانی ئیسرائیلی کردە قوربانیی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران.

شەوی شەممە 21ی ئاداری 2026، سوپای پاسدارانی ئێران ژمارەیەک مووشەکی بالیستی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، دووانیان لە کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکانی هەردوو شاری عەراد و دیمۆنا کەوتنە خوارەوە.

دەزگای فریاگوزاریی ئیسرائیل رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر عەراد 84 کەس بریندار بوون و دۆخی تەندروستیی 10یان سەختە. ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەی بریندارانی هێرشەکەی دیمۆناش 60 کەسی تێپەڕاندووە و برینی ژمارەیەکیان سەختە.

میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردووەتەوە، زۆرینەی دانیشتووانی شاری دیمۆنا حەرێدیمەکانن، ئەوان کۆمەڵێک جوولەکەی ئۆرتۆدۆکسی توندڕەون لە ئیسرائیل.

وەک ئەوەی میدیاکانی ئیسرائیل باسیان کردووە، حەرێدیمەکان بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەکیان حەرام کردووە و بەکاری ناهێنن، ئەمەش یەکێک بووە لەو هۆکارانەی وای کرد ژمارەی قوربانییانی هێرشەکەی ئێران زۆر بێت.

 پێش گەیشتنی هەر مووشەکێک بەرەی ناوخۆیی ئیسرائیل زەنگی ئاگادارکردنەوە لە رێگەی مۆبایلە زیرەکەکانەوە بۆ هەموو دانیشتووان دەنێرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی حەرێدیمەکان مۆبایلی زیرەکیان پێ نەبووە، نامەکەیان پێ نەگەیشتبوو و بەشێکی زۆریان لەسەر شەقامەکان بوون و نەچووبوونە ناو پەناگەکان، بۆیە زیاتر لە 60 کەسیان بریندار بوون.

لە کۆتایی مانگی شوباتی 2026ەوە، گرژییەکانی نێوان ئێران لە لایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی دیکە بۆ جەنگێکی کراوە و گەورە سەرکێشییان کردووە. سوپای ئێران بە شێوەیەکی بەردەوام هێرشی مووشەکی و درۆنی دەکاتە سەر ئامانجە جیاوازەکان لە ناوخۆی ئیسرائیل، لە بەرانبەردا فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ژێرخان و دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران بۆردومان دەکەن.

حەرێدیمەکان گرووپێکی ئایینیی ئۆرتۆدۆکسی توندڕەون لە ئیسرائیل و نزیکەی 13٪ی دانیشتووانی ئەو وڵاتە پێک دەهێنن. ئەوان بە توندی پابەندی رێنماییە ئایینییەکانن و زۆربەی ئامێرە تەکنەلۆژییە سەردەمییەکانی وەک مۆبایلی زیرەک و ئینتەرنێت رەت دەکەنەوە. 

ئەم تایبەتمەندییە وای کردووە لە کاتی جەنگ و هێرشە ئاسمانییەکاندا، سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی بەرەی ناوخۆیی ئیسرائیل نەتوانێت بە خێرایی پەیامی هۆشدارییان پێ بگەیەنێت.

لە لایەکی دیکەوە، حەرێدیمەکان لە ناوەڕاستی قەیرانێکی گەورەی ناوخۆییدان لە ئیسرائیل. پێشتر ئەم کۆمەڵەیە لە خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ بەخشرابوون بۆ ئەوەی تەنیا خەریکی خوێندنی ئایینی بن، بەڵام بەهۆی پێویستیی زۆری سوپای ئیسرائیل بە سەرباز لەم جەنگەدا، دادگای باڵای ئیسرائیل بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو لێخۆشبوونەی دەرکردووە. ئەمەش ناڕەزایەتییەکی فراوانی لێ کەوتووەتەوە و وای کردووە لە یەک کاتدا رووبەڕووی قەیرانی سیاسیی ناوخۆیی و مەترسییەکانی جەنگ ببنەوە.