پەرێز شوان: زۆربەی تابلۆکانم مۆرکی نەتەوەیی پێوە دیارە

پەرێز شوان، خانمە شێوەکار، لەو چاوپێکەوتنە تایبەتەیدا لەگەڵ کوردستان24، تیشک دەخاتە سەر ئەزموونی کارە هونەرییەکانی خۆی و باس لە تایبەتمەندی کێشانی تابلۆکانی خۆی دەکات.

پەرێز شوان دەڵێت، "من پێشانگەی تایبەتم لە سەردەمێکی زووی منداڵی کردۆتەوە کە ئەم کاتە ئاشنانەبووم بە کاری ئەکادیمی، بەڵام خاوەنی 20 پێشانگەی شێوەکاری هاوبەشم لە شارە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێم وەکو، هەولێر، سلێمانی، دهۆک، کۆیە، سۆران، خەلیفان، رواندز، ئیمارات.

پەرێز شوان، خانمە شێوەکار، دەربارەی ئەزموونی هونەری خۆی بە کوردستان24ی گوت، "من هەر لە منداڵییەوە خولیای هونەری شێوەکاری بوومە، حەز و خولیام بوو کە ببم بە شێوەکارێکی سەرکەوتوو و بتوانم جیهان بەمشێوەیە نیشانی خەڵک بدەم کە دەیبینم نەک وەک ئەوەی کە هەیە، شێوەکاری وام لێ دەکات هەست بە جیاوازی خۆم بکەم و هانی هەوڵدان و بەرەوپێشچوونی زیاترم دەدا، وە پێم وایە کە هونەر تاکە رێگەیەکە بۆ ئەوەی شتێک لە دوای خۆت جێبهێڵی کە بە تێپەڕبوونی کات کۆنی نەکات. هەروەها  دەستخۆشییەکانی باوکم هاندەری سەرەکی من بوون، لە هەر وێنەیەک کە کێشاومە،  هەموو کاتێک بە پەرۆشەوە چاوەڕێی ئەو وێنانەم بوو کە دروستم دەکردن، رێگەی شێوەکاری من پێم وایە بۆ هەموو شێوەکارێک کۆمەڵێک سەختی هەیە و منیش بەشێک بوومە لەو سەختییە، بەپێی ئەوەی من خەڵکی شارۆچکەیەکی بچووک بوومە کە هونەر تێیدا زۆر کەم بووە تا ئەو رادەیەی کە من یەکەم کچی شێوەکاری خەلیفان بوومە چوومەتە کۆلێژی هونەرەجوانەکانی هەولێر، ئیتر کە یەکەم کەسیش بیت و لە شوێنێکی وا دژایەتی هەر دەکرێیت، بەڵام پاڵپشتی خێزانەکەم منی گەیاند بەم رۆژە و هەموو کاتێک سوپاسگوزاریانم."

پەرێز شوان گوتیشی، "هونەرمەندی شێوەکاری سەرکەوتوو تەنیا ئەو کەسە نییە کە دەزانێت چۆن فڵچە یان قەڵەم بەکاربهێنێت، بەڵکو ئەو کەسەیە کە دەتوانێت پردێک لە نێوان هەستی ناوەوەی خۆی و چاوی بینەردا دروست بکات، شێوەکاری سەرکەوتوو ئەو کەسەیە کە خاوەنی شوناس و شێوازی تایبەتی خۆیەتی، بەڵکو ئەو کەسە نییە کە تەنیا کۆپی راستی دەکاتەوە، بەڵکو ئەو هونەرمەندەیە کە دەتوانێت پەیامێکی فکری یان مرۆیی لە پشت کارەکانیەوە بشارێتەوە، بەرهەمەکانی کارلێک لەگەڵ بینەردا دەکەن و دەبنە جێگەی تێڕامان و بەردەوام لە گەڕان و ئەزموونکردنی کەرەستە و تەکنیکی نوێدایە."

دەربارەی هونەری شێوەکاری مۆدێرن، ئەو خانمە نێگارکێشە گوتی، "هونەری شێوەکاری یەکێکە لە بەشە هەرە سەرەکی و گرنگەکانی هونەرە جوانەکان، کە تێیدا هونەرمەند هەست و بیرۆکەکانی خۆی لە رێگەی کەرەستەی بەرجەستەوە دەگۆڕێت بۆ شێوەیەکی بینراو، وشەی "شێوەکاری" لەوەوە هاتووە کە هونەرمەند "شێوە" بە کەرەستەکان دەدات، ئەم بوارە چەندین جۆری جیاواز لەخۆ دەگرێت وەکو وێنەکێشان، پەیکەرتاشی، سیڕامیک، دیزاین و گرافیک. بە زمانێکی نێودەوڵەتی زۆرێک لە پسپۆڕان پێیان وایە هونەری شێوەکاری "زمانێکە بێ وشە"، مرۆڤەکان لە هەموو جیهاندا دەتوانن لە رێگەی هێڵ، ڕەنگ و شێوەوە لە یەکتر تێبگەن بەبێ ئەوەی پێویستیان بە وەرگێڕان هەبێت. بە بەرجەستەکردنی ناوەوە لایەنێکی تری شرۆڤەی پسپۆڕان ئەوەیە کە ئەم هونەرە تەنیا نیشاندانی شتەکان نییە وەک خۆیان، بەڵکو گوزارشتکردنە لە "دونیای ناوەوەی هونەرمەند"، واتە هونەرمەند تەنیا وێنەی دارێک ناکێشێت، بەڵکو هەستی خۆی بەرامبەر بەو دارە دەردەبڕێت."

پەرێز شوان باس لە نیشاندانی مۆرکی نەتەوەیی لە تابلۆکانیدا دەکات و دەڵێت، "هونەرمەند دەبێت تابلۆیەکی هەبێت لەسەر نەتەوەکەی، جا نیشاندانی جوانی نیشتیمان یان ئازار و خەم و ناسۆری میللەتەکەی بێت، منیش بە هەمان شێوە کۆمەڵێک تابلۆم بە تەکنیکی جیاواز دروست کردووە، یەکێک لەوانە بە تەکنیکی هونەری هاوچەرخ کە باس لە بابەتی بە بێگانەبوون دەکا، وە تابلۆیەکیترم باس لە خۆڕاگری و بەهێزی کورد دەکات لە رێگەی بەکارهێنانی داری زەیتوون لە تابلۆکەم دا."

پەرێز شوان ئاماژەی بەوەش دا، "تەکنەلۆژیا و میدیای نوێ شۆڕشێکی گەورەیان لە جیهانی هونەری شێوەکاریدا بەرپاکردووە، بە جۆرێک کە سنوورە تەقلیدییەکانی نێوان هونەرمەند و کەرەستەکان، و هونەرمەند و بینەریشیان بەزاندووە، جاران فێربوونی تەکنیکێکی تایبەت پێویستی بە چوون بۆ ئەکادیمیایەکی دیاریکراو یان شاگردی کردن لای مامۆستایەک بوو، بەڵام ئێستا کۆڕسە ئۆنڵاینەکان  هەزاران وانەی فێربوونیان تێدایە، لە سەرەتاییترین هەنگاوەوە تا ئاستی پرۆفێشناڵ، وە گەلەرییە هونەرییەکان کە قوتابی دەتوانێت لە رێگەی ئینتەرنێتەوە وردترین تەکنیكی تابلۆکانی "داڤینچی" یان "مۆنێ" ببینێت بەبێ ئەوەی بچێتە پاریس یان لەندەن."     

پەرێز شوان، خانمە شێوەکار، خەڵکی قەزای خەلیفانە سەر بە پارێزگای هەولێر، دەرچووی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی هەولێرە لە بەشی شێوەکاری، خاوەنی 20 پێشانگەی هاوبەشە، لەئێستادا مامۆستای هونەرە لە شێوەکاری.