وەزیری گەنجینەی ئەمریکا: بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، پێویستە ئاستی جەنگ فراوانتر بکەین

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی رۆژانە سیستەمە مووشەکییەکان و کارگەکانی چەک لە ناوخۆی ئێران تێک دەشکێنن، جەختیشی کردەوە کە واشنتن ستراتیژیی قورسترکردنی جەنگ بۆ گەیشتن بە هێورکردنەوە پەیڕەو دەکات.

یەکشەممە 22ـی ئاداری 2026، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی "Meet the Press"ی کەناڵی NBC، سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە سوپای وڵاتەکەی بەردەوامە لە لاوازکردنی توانای سەربازیی ئێران و گوتی: "ئێمە رۆژانە مووشەک و سیستەمە مووشەکییەکان و ئەو کارگانەی ئەو چەکانە بەرهەم دەهێنن، تێکدەشکێنین."

بیسێنت ئاماژەی بەوە کرد کە ژەنەراڵ کەین و پیت هەگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، رێبەرایەتیی کەمپینێکی سەربازیی فراوان دەکەن بۆ لەناوبردنی تەواوی ئەو سەنگەر و قەڵا سەربازییانەی کە ئێران لە درێژایی گەرووی ستراتیژیی هورمزدا دروستی کردوون.

سەبارەت بە سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ و ئەوەی ئایا واشنتن بەرەو هێورکردنەوە دەچێت یان قورسترکردنی جەنگەکە، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند: "ئەم دوو بژاردەیە دژ بە یەک نین؛ هەندێک جار پێویستە ئاستی جەنگەکە بەرز بکەیتەوە تاوەکوو بتوانیت دۆخەکە بەرەو هێورکردنەوە و کۆتاییهێنان بە گرژییەکان ببەیت."

سکۆت بیسێنت وەزیری گەنجینەی ئەمریکا وەڵامی ئەو ڕەخنانەی دایەوە کە باس لەوە دەکەن هەڵگرتنی سزاکانی سەر تانکەرە نەوتییەکانی ئێران دەبێتە هۆی دابینکردنی 14 ملیار دۆلار داهات بۆ ئەو وڵاتە لە کاتی شەڕدا. بیسێنت جەختی کردەوە کە ئەو بڕە پارەیە زیادەڕۆییەکی گەورەی تێدا کراوە و ڕاستییەکان بەو شێوەیە نین.

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕوونی کردەوە کە نەوتی ئێران پێشتریش هەر دەفرۆشرا بە چین بە نرخێکی کەمتر، بەڵام کاتێک نەوتەکە دەچێتە چین، داهاتەکەی بە شێوەیەک دەشاردرێتەوە کە ناتوانرێت شوێنپێی هەڵبگیرێت. بیسێنت گوتی: ئێمە دەمانەوێت نەوتەکە بەرەو وڵاتانی وەک ژاپۆن، کۆریای باشوور و ئەندۆنیزیا بڕوات، چونکە لەوێ چاودێرییەکی وردترمان هەیە و دەتوانین ئەو هەژمارە بانکییانە ببەستین کە پارەی نەوتەکەی تێدەچێت.