ئیمارات: زیاتر لە 2،100 درۆن و مووشەکی ئێرانمان بەرپەرچداوەتەوە
وەزارەتی بەرگری ئیمارات رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئێرانەوە، بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی توانیویەتی زیاتر لە 2133 مووشەک و درۆن بەرپەرچ بداتەوە. ئاماژەی بەوەش کردووە کە هێرشەکان بوونەتە هۆی کوژرانی هەشت کەس.
وەزارەتی بەرگری ئیمارات لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاماری ئەو هێرشانەی بڵاو کردەوە کە ناوی ناوە "دەستدرێژییە ئاشکراکانی ئێران" و رایگەیاند، سیستەمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی توانیویەتی تووبەڕووی 345 مووشەکی بالیستی، 15 مووشەکی کرووز و هەزار و 773 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) ببێتەوە.
سەبارەت بە زیانە گیانییەکان، وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە کە دوو ئەندامی هێزە چەکدارەکانی ئیمارات لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی نیشتمانیدا کوژراون. هەروەها 6 کەسی دیکەی مەدەنی بە ڕەگەزنامەکانی پاکستانی، نیپاڵی، بەنگلادیشی و فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە.
راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، 160 کەس بەهۆی هێرشەکانەوە بریندار بوون کە برینی هەندێکیان سەختە. بریندارەکان هەڵگری رەگەزنامەی زیاتر لە 25 وڵاتی جیاوازن، لەوانە عێراقی، میسری، ئێرانی، تورکی، سویدی و چەندین وڵاتی دیکەی عەرەبی و ئاسیایی، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە هێرشەکان شوێنی نیشتەجێبوونی فرەڕەگەزیان کردووەتە ئامانج.
لە کۆتاییدا، وەزارەتی بەرگری ئیمارات جەختی کردووەتەوە کە لەو پەڕی ئامادەباشیدایە بۆ تێکشکاندنی هەر هەڕەشەیەک کە ئاسایش و سەروەری وڵاتەکەی بکاتە ئامانج و بە توندی وەڵامی هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە دەدەنەوە.