رێکخراوی تەندروستیی جیهانی: جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتووەتە قۆناخێکی مەترسیدار
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی: جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتووەتە قۆناخێکی مەترسیدار
هۆشداریی رێکخراوەکە ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی ئاداری 2026، بڵاوکراوەتەوەو ئاماژەی بە هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر وێستگەی ئەتۆمی و شاری دیمۆنای ئیسرائیل کردووە، کە بەهۆیەوە دەیان خانوو وێران بوون و زیانیان پێگەشتووە.
تێدرۆس ئەدهانۆم گێبریسۆس، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی"ئەو هێرشانەی کە شوێنە ئەتۆمییەکان دەکەنە ئامانج، هەڕەشەیەکی گەورەن بۆ سەر تەندروستیی گشتی و سەلامەتیی ژینگە."
داواشی لە لایەنەکان کرد دانبەخۆدا بگرن، بۆ ئەوەی رێگری لە هەر کارەساتێکی ئەتۆمی بکرێت.
ئەدهانۆم ئاماژەی بەوە کردووە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لە دەرهاویشتەی هێرشەکان و تا ئێستا هیچ نیشانەیەکی تیشکدانەوەی نائاسایی لە دەوروبەری بنکەی دیمۆنای ئیسرائیل تۆمار نەکراوە.
بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لە دوای دەستپێکردنی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە 28ی شوباتی رابردووەوە، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە 13 وڵاتدا مەشق و راهێنانی بە کارمەندەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە بۆ ئەوەی بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ هەر ئەگەرێکی دزەکردنی تیشکی ئەتۆمی و مەترسییە تەندروستییەکان ببن.
شاری دیمۆنا تاکە شاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە مەزندە دەکرێت کۆگای چەکی ئەتۆمی تێدابێت، بەڵام تا ئێستا ئیسرائیل بە فەرمی دانینەناوە بەوەی چەکی ئەتۆمی تێدا بێت، تەنیا رایگەیاندووە، ئەو شوێنە بۆ مەبەستی توێژینەوەی زانستی بەکار دەهێنێت.
لای خۆشییەوە ئێران رایگەیاندووە هێرشەکەی بۆ سەر دیمۆنا وەک وەڵامێک بووە بۆ بەئامانجگرتنی وێستگەی ئەتۆمیی (نەتەنز)، کە ناوەندێکی پیتاندنی یۆرانیۆمە و لە حوزەیرانی 2025دا زیانی پێگەیشتبوو.