ترەمپ سەبارەت بەو مۆڵەتەی بە ئێرانی داوە: بەم زووانە دەبینن چی روودەدات
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رایگەیاند ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بەرەو لەناوبردنی تەواوەتی ئێران دەچێت. جەختیشی کردەوە، تاران ئێستا ئەو سزایە وەردەگرێت کە شایستەیەتی و رەخنەی توندیشی لە سستیی هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ گرت.
یەکشەممە 22ـی ئاداری 2026، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی 13ـی ئیسرائیلی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاماژەی بەو مۆڵەتە کرد کە ئاراستەی تارانی کردووە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و گوتی: بەم زووانە دەبینن چی روودەدات سەبارەت بەو مۆڵەتەی بۆ لێدانی وێستگەکانی کارەبا دامان ناوە، ئەنجامەکە زۆر باش دەبێت.
ترەمپ گوتیشی: "ئێران بە تەواوەتی لەناودەبرێت و هەموو شتێک بە باشی بەڕێوە دەچێت."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و تاران کرد و رایگەیاند، "ئێران بۆ ماوەی 47 ساڵ زۆر خراپ بووە، ئێستا ئەو سزایە وەردەگرێت کە بەڕاستی شایستەیەتی." ئەم لێدوانەی ترەمپ ئاماژەیە بۆ کۆتاییهێنان بەو ململانێیە درێژخایەنەی کە لە دوای شۆڕشی 1979ـوە لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ترەمپ نیگەرانی خۆی بەرانبەر بە هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی نەشاردەوە و رایگەیاند، "وڵاتانی ناتۆ هیچ کارێک ناکەن، ئەمە شەرمەزارییەکی گەورەیە." ئەم ڕەخنانەی ترەمپ دوای ئەوە دێن کە واشنتن چەندین جار داوای لە هاوپەیمانەکانی کردووە بەشداریی کاریگەر بکەن لە ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" و پاراستنی رێڕەوە ئاوییەکان، بەڵام بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەوروپا تا ئێستا دوودڵن لە تێوەگلانی راستەوخۆ لەم جەنگەدا.