بلوومبێرگ: فشاری هاوپەیمانەکان و کاردانەوەی بازاڕ وایان لە ترەمپ کرد بۆردوومانی ئێران رابگرێت

ئاژانسی بلوومبێرگ ئاشکرای کرد، کە بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ راگرتنی کاتیی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ئێران، لەژێر کاریگەریی فشاری قورسی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا و کاردانەوەی بازاڕە جیهانییەکاندا بووە، ئەمەش دوای ئەوەی راوێژکارەکانی هۆشدارییان پێ داوە لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی ئەو هەنگاوە.

دووشەممە 23ی ئاداری 2026، بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی بلوومبێرگ کە لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، راوێژکارانی باڵای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هۆشداریی توندیان داوەتە سەرۆک کە هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر ژێرخانی وزە و بەرهەمهێنانی کارەبای ئێران دەبێتە هۆی فراوانبوونی شەڕەکە بۆ ئاستێکی کۆنترۆڵ نەکرا و تێکچوونی تەواوەتی سەقامگیریی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە ترەمپ تەنیا لەژێر فشاری سیاسیی هاوپەیمانەکانیدا نەبووە، بەڵکوو کاردانەوەی بازاڕە داراییەکان و نیگەرانییەکان لە پەککەوتنی بازاڕی وزە، هۆکارێکی سەرەکی بوون بۆ ئەوەی واشنتن پەنا بۆ ئەم پشووە سەربازییە ببات.

راوێژکارەکان جەختیان کردووەتەوە کە پەکخستنی کەرتی وزەی ئێران دەتوانێت ئاڵۆزییەکان بگەیەنێتە خاڵێک کە گەڕانەوە لێی ئەستەم بێت، بۆیە ترەمپ بڕیاریدا دەرفەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بدات بۆ ئەوەی بزانێت ئایا تاران ئامادەی رێککەوتنە یان نا.