وۆڵ ستریت جۆرناڵ: عێراقچی؛ دەیەوێت بە تەکتیکی بازاڕ وڵاتەکەی لە رووخان ڕزگار بکات

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە راپۆرتێکی تایبەتدا ئاماژە بەوە دەکات, لە کاتێکدا زۆربەی سەرکردە باڵاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی بۆردوومانەکانەوە کوژراون یان خۆیان شاردووەتەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە، وەک تاکە دەنگی بڕیاردەر و نێردراوی سەرەکیی دەسەڵاتەکە لە گۆڕەپانەکەدا ماوەتەوە. عێراقچی کە بە داهێنەری تەکتیکی لە دانوستانەکاندا ناسراوە، ئێستا لە نێوان هەڕەشەی هەڵگیرساندنی جەنگێکی گشتگیر و هەوڵی نهێنی بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ، یارییەکی مەترسیدار دەکات.

رۆژنامەکە باس لەوەش دەکات کە عەباس عێراقچی ئێستا بووەتە نوێنەری ئێران. سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ باس لە هەبوونی گفتوگۆی بنیاتنەر دەکات و بۆردوومانی وێستگەکانی کارەبای بۆ پێنج رۆژ دواخستووە، عێراقچی لەسەر ئاستی گشتی بەردەوامە لە نکۆڵی کردن لە هەر جۆرە دانوستانێک و هەڕەشەی ئەوە دەکات ئەگەر ژێرخانی وزەی وڵاتەکەی بکرێتە ئامانج، "بەبێ هیچ دانبەخۆداگرتنێک" وەڵامی کوشندەیان دەبێت.

عێراقچی کە نەوەی بازرگانێکی فەرشی ئێرانییە، لە کتێبەکەیدا بە ناوی هێزی دانوستان، پڕۆسەی دیپلۆماسی بە بازاڕی تاران دەشوبهێنێت، کە تێیدا چەنەدانی بێ کۆتایی و بەکارهێنانی چەندین پاساوی جیاواز دەرەنجام بەدەست دەهێنێت. دیپلۆماتە رۆژئاواییەکان کە لە نزیکەوە لەگەڵی دانیشتوون، دەڵێن ئەو دوو کەسایەتیی هەیە؛ لە لایەکەوە مرۆڤێکی لەسەرخۆ و پرۆفیشناڵە کە وێنەی نەوەکانی نیشانی هاوتا ئەمریکییەکانی دەدات، بەڵام لە لایەکی دیکەوە بێبەزەییە و دەتوانێت لە کۆتا ساتەکاندا هەموو شتێک تێک بدات.

وێندی شێرمان، دیپلۆماتی پێشووی ئەمریکا، دەڵێت تەکتیکە سەنگەرییەکانی عێراقچی لە ساڵی 2015 وایان لێکردووە لە کۆتایی دانوستانە ناوەکییەکاندا لە تووڕەییدا بگریت.

بەپێی راپۆرتەکە، عێراقچی پێش دەستپێکردنی شەڕەکە رۆڵێکی گوماناویی گێڕاوە؛ بەرپرسانی عەرەب دەڵێن ئەو لە کۆبوونەوەکاندا هەڕەشەی لە وڵاتانی دراوسێ کردووە و بە سعوودییەکانی راگەیاندووە کە ئەگەر شەڕ ڕوو بدات، ئیمارات دەکەنە ئامانج، دواتریش تاران هەمان کاری کرد.

هەروەها ستیڤ ویتکۆف، نێردراوی ترەمپ، بانگەشەی ئەوە دەکات کە عێراقچی بە شانازییەوە باسی لەوە کردووە ئێران یۆرانیۆمی پیتێنراوی پێویستی بۆ دروستکردنی 11 بۆمبی ئەتۆمی هەیە بۆ ئەوەی ئەمریکییەکان بترسێنێت.

عێراقچی کە پێشینەیەکی سەربازیی هەیە و لە ساڵانی هەشتاکاندا خۆبەخشانە لە ریزەکانی سوپای پاسداران بووە، وەک تێکەڵەیەک لە شۆڕشگێڕێکی توندڕەو و دیپلۆماتێکی واقیعبین دەردەکەوێت. ئەو کە ئێستا لە ژێر چاودێریی مەسعود پزیشکیاندایە، ئەرکی سەرەکیی بریتییە لە هەڵگرتنی سزاکان بۆ رزگارکردنی ئابووریی ئێران، بەڵام ڕەخنەگرانی ناوخۆیی دەڵێن ئەو وەک جەواد زەریف شارەزای سیاسەتی ناوخۆیی ئەمریکا نییە و ئەمەش وای کردووە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ترەمپدا تووشی ئاستەنگی بێت.

لە کۆتاییدا، وۆڵ ستریت جۆرناڵ جەخت دەکاتەوە کە عێراقچی ئێستا لە نێوان دوو بەرداشدایە؛ لە لایەک دەیەوێت بە ڕێککەوتنێک وڵاتەکەی لە ڕووخان ڕزگار بکات، و لە لایەکی دیکەشەوە دەیەوێت بە هەڕەشە سەربازییەکانی پێگەی ستراتیژیی ئێران بپارێزێت. ئەوەی ئایا تەکتیکە بازاڕییەکەی لە بەرانبەر ترەمپدا سەردەگرێت یان نا، لە پێنج رۆژی داهاتوودا دەردەکەوێت.