کیم جۆنگ ئون کۆریای باشوور وەک دوژمنترین وڵات دەناسێنێت

کیم جۆنگ ئون، ڕێبەری کۆریای باکوور، لە پەیامێکی تونددا بەرامبەر سیئۆل و واشنتن، بە فەرمی کۆریای باشووری وەک دوژمنترین وڵات دەستنیشان کرد. کیم هۆشداریی دا وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ هەر ئەگەرێکی سەربازی و بەڵێنی دا ئەتۆمی وڵاتەکەی لە بەرامبەر هەڕەشە ستراتیژییەکان بەهێزتر بکات.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریا (KCNA)، کیم جۆنگ ئون لە میانی کۆتاییهاتنی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی باڵای گەل، رایگەیاندووە؛ پێویستە سیئۆل وەک نەیارێکی سەرەکی و دوژمنکار مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. کیم هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی بەرپرسانی باشوور کرد و رایگەیاند: "کۆریای باشوور باجی هەر ئیستفزازییەک دەدات ئەگەر هەوڵی تاقیکردنەوەی ئارامیی پیۆنگیانگ بدات."

هەرچەندە ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە، پەرلەمانی وڵاتەکە تاوتوێی هەموارکردنەوەی دەستووری کردووە، بەڵام هێشتا روون نییە ئایا گۆڕینی پێگەی کۆریای باشوور بۆ "وڵاتی دوژمن" بە فەرمی خراوەتە ناو دەستوورەوە یان نا.

ڕێبەری کۆریای باکوور جەختی کردەوە، پێگەی وڵاتەکەی وەک دەوڵەتێکی ئەتۆمی جێگیرە و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نایەت. ئەو سوێندی خوارد هەوڵەکانی بۆ پەرەپێدانی رێگری بەرگریی ئەتۆمی و بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەباشی هێزە ستراتیژییەکانی بەردەوام بێت، تاوەکو بتوانن بە شێوەیەکی خێرا و ورد وەڵامی هەر هەڕەشەیەک بدەنەوە کە ئاسایشی نیشتمانی و ناوچەیی بخاتە مەترسییەوە.

کیم جۆنگ ئون لە وتارەکەیدا هێرشی توندی کردە سەر ئەمریکا و واشنتنی بە تێوەگلان لە تیرۆر و داگیرکاری لە ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا تۆمەتبار کرد. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی بۆ هەردوو بژاردەی رووبەڕووبوونەوە یان پێکەوەژیانی ئاشتیانە ئامادەیە، بەڵام جەختی کردەوە، هەڵبژاردنی هەر یەکێکیان دەکەوێتە سەر رەفتاری دوژمنەکانیان.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، کیم رایگەیاند: "تەنیا بە دەسەڵاتێکی گەورە دەتوانرێت کەرامەت، بەرژەوەندی و سەرکەوتنی کۆتایی وڵات مسۆگەر بکرێت،" ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی پیۆنگیانگ لە ستراتیژی پڕچەککردن بەردەوام دەبێت.