وەزیری وزەی ئێران: وێستگەکانی کارەبا بە خێرایی چاک دەکەینەوە
وەزیری وزەی ئێران دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی و رایدەگەیەنێت، لە ئەگەری هەر زیانێک بە وێستگەکانی کارەبا، بەهۆی پشتبەستن بە توانای ناوخۆیی بە خێرایی چاکیان دەکەینەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات وێستگەکانی وڵاتانی کەنداو "ناجێگیرن" و لەژێر رەحمەتی ئەمریکادان.
عەباس عەلی ئابادی، وەزیری وزەی ئێران رایگەیاند، ئێران بەشێوەیەکی دابەشکراو لە سەرانسەری وڵاتدا کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەڵام وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل بەشێوەیەکی ناوەندی کارەبا بەرهەم دەهێنن، ئەمەش وای کردووە سیستەمەکەیان زۆر ناجێگیر بێت و بە ئاسانی رووبەڕووی مەترسی ببێتەوە.
وەزیری وزەی ئێران دڵنیایی دایە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی و گوتی: "هیچ پێویست بە نیگەرانی ناکات، لە ئەگەری ئەوەی هەر وێستگەیەکمان تووشی زیان یان پێکان بێت، بە خێرایی دووبارە بنیاد دەنرێتەوە و چاک دەکرێتەوە."
عەلی ئابادی ئاماژەی بەوەش کرد، وێستگەکانی کارەبای دراوسێ باشوورییەکانیان لەلایەن ئەمریکییەکانەوە دروستکراون، هەر بۆیە ئەگەر تووشی هەر زیانێک ببن، دەبێت لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە چاک بکرێنەوە، ئەمەشی وەک "سەرچاوەیەکی داهات" بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەسف کرد.
لە کۆتایی قسەکانیدا، وەزیری وزەی ئێران باسی لە توانای ناوخۆیی وڵاتەکەی کرد و گوتی: "زیاتر لە 150 وێستگەی کارەبامان لە سەرانسەری وڵاتدا هەیە، هەموو ئامێرەکانی ئەم وێستگانەش بەرهەمی ناوخۆن و بە دراوی ئێرانی تێچووەکەیان دابین کراوە، تەنانەت ماددە سەرەتاییەکانی هەستیارترین پارچەی تۆربینەکانیش لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێنرێن."