رۆیتەرز: رووسیا سوودمەندی یەکەمی جەنگی ئێرانە

کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملین)
کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملین)

بەهۆی ئەو بەرزبوونەوە گەورەیەی لە نرخی نەوتدا روویدا دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران، حکوومەتی رووسیا توانی پلانی زیادکردنی یەدەگی دارایی درێژخایەن و کەمکردنەوەی خەرجییەکان دوا بخات. ئەم ململانێیەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مۆسکۆی کردووەتە یەکێک لە دەگمەنترین لایەنەکان لەسەر ئاستی جیهان کە سوودی ئابووریی گەورەی لە جەنگەکە دەستکەوتووە.

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز کە لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوکراوەتەوە، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەروو 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، فشاری دارایی سەر ئیدارەی ڤلادیمێر پوتنی کەم کردووەتەوە. پێش دەستپێکردنی جەنگی ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتدا، نرخی نەوت لە دەوروبەری 70 دۆلار بوو، بەڵام ئێستا پێشبینی دەکرێت داهاتی نەوت و گازی رووسیا لە مانگی نیساندا بە رێژەی 70% زیاد بکات و بگاتە 0.9 ترلیۆن روبڵ، کە ئەمە بەرزترین ئاستی داهاتی مانگانەیە لەوەتەی تشرینی یەکەمی 2025ەوە.

ئەم وەرچەرخانە داراییە وایکردووە حکومەتی رووسیا بڕیاری گۆڕینی نرخی بنەڕەتی بۆ نەوت دوا بخات، کە ئێستا بە 59 دۆلار دیاریکراوە. پێش جەنگەکە، وا بڕیاربوو مۆسکۆ ئەم نرخە کەم بکاتەوە تاوەکوو داهاتی زیاتر بۆ سندووقی سامانی نیشتمانی کۆبکاتەوە، بەڵام ئێستا بەهۆی لێشاوی داهاتەوە، ئەو فشارە نەماوە و ئەگەری زۆرە گۆڕانکارییەکە بۆ ساڵی 2027 دوا بخرێت.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە رۆژی دووشەممە بەڕێوەچوو، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا، داوای کردووە بڕیارێکی هاوسەنگ بدرێت بۆ چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەو داهاتە زیادەی کە بەهۆی گرانبوونی نەوتەوە دەستکەوتووە.

ئەنتۆن سیلوانۆڤ، وەزیری دارایی، رایگەیاند، ئەوان خەریکی تاوتوێکردنی رێکارێکن تاوەکوو بودجەی وڵات لە بەرانبەر گۆڕانکارییەکانی بازاڕی وزەدا پارێزراو بێت، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە مۆسکۆ دەیەوێت ئەم هەلە بۆ بەهێزکردنی ئابوورییەکەی بقۆزێتەوە کە بەهۆی سزاکانی ئۆکرانیاوە زیانی بەرکەوتووە.

لەلایەکی دیکەوە، ئێلڤێرا نابیولینا، پارێزگاری بانکی ناوەندیی رووسیا، ئاماژەی بەوە کرد، هێشتا زووە بڕیار لەسەر کاریگەرییە درێژخایەنەکانی ئەم دۆخە بدرێت، بەڵام جەختی کردەوە کە پەیڕەوکردنی یاسای بودجە باشترین بەرگرییە بۆ رووسیا لە بەرانبەر شۆکە دەرەکییەکان.

شارەزایانی دارایی پێیان وایە تەنانەت ئەگەر قەیرانی ئێرانیش بە شێوەیەکی کتوپڕ کۆتایی بێت، نرخی نەوت هەر بە بەرزی دەمێنێتەوە، چونکە بازاڕەکان بۆ ماوەیەکی زۆر لە ژێر کاریگەریی دڵەڕاوکێی جەنگدا دەمێننەوە.