فاینانشێڵ تایمز: ئێران 2 ملیۆن دۆلار وەک باج لە هەر کەشتییەک وەردەگرێت بە گەرووی هورمز تێپەڕیت
حکوومەتی ئێران لە نامەیەکی فەرمیدا بۆ رێکخراوی دەریاوانیی نێودەوڵەتی (IMO)، رایگەیاند کە تەنیا ئەو کەشتییانەی وڵاتانی دۆستن دەتوانن بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن، ئەویش بە مەرجی هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تاران. ئەمە لە کاتێکدایە کە راپۆرتەکان باس لە وەرگرتنی بڕی 2 ملیار دۆلار لە هەندێک کەشتی دەکەن بۆ دابینکردنی تێپەڕبوونی سەلامەت.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی فاینانشێڵ تایمز، وەزارەتی دەرەوەی ئێران نامەیەکی بۆ ئەندامانی رێکخراوی دەریاوانیی نێودەوڵەتی ناردووە و تێیدا جەختی کردووەتەوە، رێکاری پێویست و گونجاویان گرتووەتە بەر بۆ رێگری لەو وڵاتانەی کە هێرش دەکەنە سەر ئێران. لە نامەکەدا بە روونی هاتووە کە ئەو کەشتییانەی پەیوەندییان بە ئەمریکا، ئیسرائیل و پشتیوانانیانەوە هەیە، مافی تێپەڕبوونییان لە گەرووی هورمز نییە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئێستا کە جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران لە هەفتەی چوارەمدایە، گەرووی ستراتیژیی هورمز بە رووی زۆربەی کەشتییەکاندا داخراوە. زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نزیکەی 3,200 کەشتی لە ناو ئاوەکانی کەنداودا گیریان خواردووە و ناتوانن لە گەرووەکە بپەڕنەوە، چونکە لە سەرەتای شەڕەکەوە تا ئێستا لانی کەم 22 کەشتی لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە پێکراون.
فاینانشێڵ تایمز لە زاری سەرچاوە هەواڵگرییەکانی لۆیدز لیست و کەسانی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، کە هەندێک کەشتی بڕی تا 2 ملیۆن دۆلاریان وەک باج یان سەرانە بە ئێران داوە تاوەکوو رێگەیان پێبدرێت بە سەلامەتی لە گەرووەکە تێپەڕن. چاودێران دەڵێن ئێران رێڕەوێکی تایبەتی لە ناو ئاوە هەرێمییەکانی خۆی دیاری کردووە تاوەکوو پێش تێپەڕبوونی کەشتییەکان، ناسنامە و بارەکانیان بپشکنێت.
لەسەر ئاستی ناوخۆیی، مەنسور عەلیمەردانی، ئەندامی پەرلەمانی ئێران، ئاشکرای کردووە کە پەرلەمان سەرقاڵی داڕشتنی یاسایەکی نوێیە بۆ گەرووی هورمز. عەلیمەردانی گوتی: ئەم پلانە دوو ئامانجی هەیە؛ یەکەم، وەڵامدانەوەی ئەو وڵاتانەی پشتیوانی لە سزاکانی ئەمریکا دەکەن، دووەم، گۆڕینی دراوی مامەڵەکان لە دۆلارەوە بۆ دراوە جێگرەوەکان.
بەرپرسانی تاران ئاماژەیان بەوە کردووە کە تەنانەت ئەگەر شەڕیش کۆتایی بێت، دۆخی گەرووی هورمز ناگەڕێتەوە بۆ پێش شەڕ و ئێران دەیەوێت وەک کارتێکی فشار و سەرچاوەیەکی داهات، هەژموونی هەمیشەیی خۆی بەسەر ئەم ڕێڕەوەدا بسەپێنێت کە 20%ی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.