کەناڵ 12ـی ئیسرائیل ناوەڕۆکی رێککەوتنێکی 15 خاڵی لەنێوان ئەمریکا و ئێران ئاشکرا دەکات
کەناڵ 12ـی ئیسرائیلی لە راپۆرتێکی نوێدا، پەردەی لەسەر پڕۆژە رێککەوتنێکی 15 خاڵی لادا کە دەگوترێت لەنێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێراندا گەڵاڵە کراوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، رێککەوتنەکە ئامانجی سەرەکی راگەیاندنی ئاگربەست و کۆتاییهێنانە بە گرژییەکانی ناوچەکە.
سێشەممە 24ـی ئاداری 2026، کەناڵ 12ـی ئیسرائیل راپۆرتێکی لە بارەی ناوەڕۆکی رێککەوتنی ئەگەری نێوان ئەمریکا و ئێران بڵاوکردەوە، بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵەکە، خاڵە سەرەکییەکانی ئەم رێککەوتنە لەسەر چەند تەوەرێکی سەربازی، ئەتۆمی و ئابووری دابەش بوون:
دۆسیەی ئەتۆمی و مووشەکی ئێران:
رێککەوتنەکە مەرجی توند دەخاتە سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، بەجۆرێک کە دەبێت ئێران پابەند بێت بەوەی هەرگیز هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نەدات، هەروەها دەبێت تەواوی یۆرانیۆمی پیتێندراو لە خاکی ئێران دەربچێت و رادەستی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بکرێت، هاوکات بڕیاردراوە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی (نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهان) دابخرێن و ئاژانسی ئەتۆم دەستی بە هەموو زانیارییەکان بگات، سەبارەت بە پڕۆگرامە موشەکییەکەش، تەنها رێگە دەدرێت بۆ مەبەستی بەرگریی لەخۆکردن پەرەی پێبدرێت.
سەقامگیری ناوچەیی و بریکارەکان:
لە خاڵێکی گرنگدا هاتووە کە ئێران دەبێت پشتیوانییە دارایی و سەربازییەکانی بۆ گروپە بریکارەکانی (پڕۆکسی) لە ناوچەکە ڕابگرێت. هەروەها گەرووی هورمز وەک ڕێڕەوێکی نێودەوڵەتی بە کراوەیی بمێنێتەوە. لە بەرامبەردا، دەبێت ئاگربەست ڕابگەیەنرێت و ئەمریکا و ئیسرائیل پابەند بن بەوەی جارێکی دیکە هێرش نەکەنەوە سەر ئێران.
ئابووری و گەرەنتییەکان:
وەک دەستکەوتێک بۆ ئێران، ڕێککەوتنەکە باس لە هەڵگرتنی سەرجەم سزاکانی سەر ئەو وڵاتە دەکات و جەخت دەکاتەوە کە نابێت سزاکانی ناسراو بە (سناپ باک) هەرگیز کارا بکرێنەوە. هەروەها ڕێگە دەدرێت دامەزراوەی ئەتۆمی بوشەهر بۆ ئامانجی ئاشتییانە و سڤیل گەشەی پێبدرێت.
تاوەکو ئێستا لایەنە فەرمییەکانی ئەمریکا و ئێران بە شێوەیەکی فەرمی پشتڕاستی ئەم رێککەوتنە 15 خاڵییەیان نەکردووەتەوە، بەڵام بڵاوکردنەوەی لە میدیاکانی ئیسرائیلدا دەنگدانەوەیەکی زۆری لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دروست کردووە.