نرخی زێڕ بە رێژەی زیاتر لە 2% بەرزبووەوە

نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا بە رێژەی زیاتر لە 2% بەرزبووەوە، ئەمەش دوای دابەزینی بەهای دۆلار و کەمبوونەوەی مەترسییەکانی هەڵئاوسان بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت بۆ خوار 100 دۆلار.

چوارشەممە 25ی ئاداری 2026، لە مامەڵە خێراکاندا، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە رێژەی 2.1% بەرزبووەوە و گەیشتە 4,568.29 دۆلار، هەروەها لە گرێبەستە دواخراوەکانی ئەمریکاشدا بەهاکەی بە رێژەی 3.8% بەرزبووەوە و گەیشتە 4,604.32 دۆلار.

هۆکاری سەرەکیی ئەم بەرزبوونەوەیە بۆ دابەزینی بەهای دۆلار دەگەڕێتەوە، کە وایکردووە کڕینی زێڕ بۆ خاوەن دراوەکانی دیکە هەرزانتر بێت و خواست لەسەری زیاد بکات. هاوکات دابەزینی نرخی نەوت بۆ خوار 100 دۆلار، دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکان سەبارەت بە پلانێکی 15 خاڵی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گوشارەکانی هەڵئاوسانی کەمکردووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە پێشکەوتن لە دانوستانەکان لەگەڵ ئێراندا هەیە، بەتایبەت لە پرسەکانی پەیوەست بە وزە و گەرووی هورمز، بەڵام وردەکاری زیاتری ئاشکرا نەکردووە.

سەبارەت بە کانزاکانی دیکە، نرخی زیو بە رێژەی 3.8% بەرزبووەوە و گەیشتە 73.94 دۆلار، پلاتین 2.6% بەرزبووەوە و گەیشتە 1,984.05 دۆلار، هەروەها پالادیۆمیش بە رێژەی 1.5% بەرزبووەوە و گەیشتە 1,461.75 دۆلار.