کەرکووک: ماڵی سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی کرایە ئامانج
بەیانی ئەمڕۆ لە قەزای داقوقی سەر بە پارێزگای کەرکووک، بۆمبێکی چێنراو لەبەردەم ماڵی بەرپرسێکی حەشدی شەعبی تەقییەوە، لە ئەنجامدا پۆلیسێکی کورد گیانی لەدەستدا و بەرپرسەکەی حەشد و پۆلیسێکی دیکەش بریندار بوون.
چوارشەممە 25ی ئاداری 2025، سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند، لە شارۆچکەی داقوق، بۆمبێکی چێنراو لەبەردەم ماڵی "عەلی جەعفەر" کە سەرکردەیەکی حەشدی شەعبییە، دۆزرایەوە. دوای ئاگادارکردنەوەی دەزگا ئەمنییەکان، تیمەکانی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست بە مەبەستی پوچەڵکردنەوەی بۆمبەکە، بەڵام لەو کاتەدا پێیاندا تەقیوەتەوە.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی داقوق بە کوردستان24ی راگەیاند، بەهۆی تەقینەوەکە پۆلیسێک بەناوی (مەهدی سەباح) کە کوردی کاکەییە، گیانی لەدەستداوە. هەروەها عەلی جەعفەر، بەرپرسەکەی حەشدی شەعبی و پۆلیسێکی دیکە بریندار بوون.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەی داقوق کراون و لەژێر وەرگرتنی چارەسەری پزیشکیدان.