ئەعرەجی: هەندێک رێکارمان بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان گرتووەتە بەر
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە بەغدا، پەرەسەندنە سەربازییەکانی ناوچەکە، پرسی پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و پێگەی یاسایی حەشدی شەعبییان تاوتوێ کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە 25-03-2026، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، پێشوازی لە رۆبن میڵتۆن، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە بەغدا کرد.
بە گوێرەی نووسینگەی راگەیاندنی ئەعرەجی، هەردوولا پەرەسەندنەکانی ناوچەیان لە ژێر رۆشنایی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکان تاوتوێ کرد.
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی رایگەیاند، عێراق بە هەماهەنگی وڵاتانی دۆست و برا کار دەکات بۆ راگرتنی جەنگ و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ لە رێگەی بونیادنانی پردی متمانە لە نێوان هەموو لایەنەکان، بە شێوەیەک لەگەڵ بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی بگونجێت.
ئەعرەجی، ناڕەزایەتی عێراقی دەربڕی بەرانبەر بە ئامانجگرتنی بارەگاکانی حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکان. ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق پەیوەندییەکی هاوسەنگی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش بونیاد نراوە.
هاوکات ستایشی رۆڵی بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپای کرد لە کەمکردنەوەی گرژییەکان و فشارخستن بۆ دەستپێکردنەوەی دیالۆگ بە مەبەستی بەدیهێنانی سەقامگیری سیاسی و ئابووری.
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئاماژەی بەوە دا، حکوومەتی عێراق رێکاری توندی گرتووەتە بەر بۆ پاراستنی نێردە و دەستە دیپلۆماسییەکان. جەختی لە پێزانینی عێراق کردەوە بۆ هەڵوێستەکانی بەریتانیا و هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و گەڕانەوە بۆ رێڕەوی گفتوگۆ.
رۆبن میڵتۆن، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی بەریتانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی هەوڵێکی زۆر دەدات بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی بۆ راگرتنی جەنگ و گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە. ئاماژەی بەوە کرد، هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرانبەر رووداوەکان روونە.
روونیشی کردەوە، "حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی نیشتمانییە و لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەند کراوە و رۆڵێکی گرنگی لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش هەبووە. هاوکات جەختی لە گرنگی کارکردنی هاوبەش لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردەوە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ".