کرێملن: چەک و درۆنمان بە ئێران نەداوە

کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن) سەرجەم ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە رادەستکردنی درۆنی رووسی بە ئێران دەکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە راپۆرتە هەواڵگرییەکان باس لە هەماهەنگییەکی فراوان لەنێوان مۆسکۆ و تاران دەکەن بۆ بەردەوامبوون لە جەنگ.

دیمیتری پێسکۆڤ، پەیڤداری کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا رایگەیاند، مۆسکۆ بە وردی چاودێریی ئەو راپۆرتانەی کردووە کە باس لە رادەستکردنی درۆنی رووسی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن و جەختی کردەوە کە ئەو راپۆرتانە "ناڕاستن".

ئەم لێدوانەی کرێملن دوای ئەوە دێت کە ژمارەیەک راپۆرتی رۆژنامەوانی بڵاویانکردەوە، مۆسکۆ لەم ماوەیەی دواییدا هاوکاریی سەربازیی تارانی کردووە و درۆنی رادەستکردووە تاوەکو لە جەنگدا دژی ئەمریکا و ئیسرائیل بەکاریان بهێنێت.

لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەی "فاینانشەڵ تایمز" لە زاری چەند سەرچاوەیەکی هەواڵگریی رۆژئاواوە ئاشکرای کردووە، رووسیا قۆناخ بە قۆناخ درۆن، دەرمان و خۆراکی رەوانەی ئێران کردووە تاوەکو تاران لە جەنگ بەردەوام بێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، ناردنی هاوکارییەکان لە سەرەتای مانگی ئادارەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە مۆسکۆ لە رووی هەواڵگری و دۆزینەوەی ئامانجەکانەوە هاوکاریی وردی تارانی کردووە و تەنیا لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەوە، زیاتر لە 13 تۆن دەرمانی لە رێگەی ئازەربایجانەوە بۆ ئێران گواستووەتەوە.