لاڤرۆڤ: کەرەستەی سەربازیمان بەتاران داوە بەڵام زانیاریی هەواڵگریمان پێنەداون
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، دووپاتی کردەوە، وڵاتەکەی کەرەستەی سەربازیی رادەستی ئێران کردووە، بەڵام رەتیکردەوە، هیچ جۆرە زانیارییەکی هەواڵگرییان لەبارەی بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە پێدابن.
سێرگی لاڤرۆڤ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی فەرەنسا رایگەیاند، "پەیوەندییەکی نزیک و ستراتیژی لەنێوان مۆسکۆ و تاراندا هەیە، ئێمە رێککەوتنێکی هاریکاریی تەکنیکی-سەربازییمان هەیە و لەو چوارچێوەیەشدا کەرەستەی سەربازییمان بە ئێران داوە."
سەبارەت بە دەنگۆی پێدانی زانیاریی هەواڵگری بە تاران، وەزیری دەرەوەی رووسیا گوتی، "رووسیا هیچ زانیارییەکی هەواڵگریی بە ئێران نەداوە، چونکە تاران خۆی زانیاریی وردی لەسەر پێگە و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا هەیە و پێویستی بە ئێمە نییە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، لاڤرۆڤ بەرگریی لە پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران کرد و ئاماژەی بەوە دا، تاران هیچ یاسا و بەرپرسیارییەتییەکی نێودەوڵەتی پێشێلنەکردووە، گوتیشی، "ئەوە واشنتن بوو کە لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە و پابەند نەبوو نەک ئێران."
ئەم لێدوانانەی لاڤرۆڤ لە کاتێکدایە کە پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان مۆسکۆ و تاران لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بووەتە جێی سەرنج و نیگەرانیی وڵاتانی رۆژئاوا.