ئێران هەڕەشەی توند لە ئەمریکا دەکات: بۆ جەنگی زەمینی ئامادەین

سەرچاوەیەکی سەربازیی ئێرانی هۆشداریی توند دەداتە ئەمریکا لە ئەنجامدانی هەر جۆرە هێرشێکی زەمینی بۆ سەر وڵاتەکەی و رایدەگەیەنێت، هێزەکانیان لە ئامادەباشییەکی تەواودان بۆ رووبەڕووبوونەوە.

سەرچاوەیەکی سەربازی بە ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی راگەیاندووە، لەگەڵ زیادبوونی پێشبینییەکان سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی هەڵەیەکی مێژوویی لەلایەن ئەمریکاوە بۆ چوونە ناو جەنگێکی زەمینی لە بەرەی باشووری ئێران، جۆشوخرۆشێکی زۆر لەناو ریزەکانی چەکدارانی هێزە زەمینییەکانی ئێراندا دروست بووە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە، هێزە زەمینییەکانیان پێداگرن لەسەر بەرگری و بڕیاریان داوە لە ئەگەری هەر دەستدرێژییەک، خاکی ئێران بۆ هێزە ئەمریکییەکان بکەنە "دۆزەخێکی مێژوویی."

ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران لە ناوچەکە گەیشتووەتە ئاستێکی باڵا و ئەگەری پێکدادانی سەربازیی راستەوخۆ لە ئارادایە.