نەوت بەرەو 150 دۆلار؛ ریکۆردێکی نوێ لە رێگەیە
بەهۆی بەردەوامیی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەککەوتنی گواستنەوەی وزە لە گەرووی هورمز، بازرگانانی نەوت پێشبینی دەکەن نرخی نەوتی خاوی برێنت تاوەکو کۆتایی مانگی نیسان بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرز ببێتەوە و بگاتە 150 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، بازرگانانی نەوت بە شێوەیەکی بەرفراوان روویان لە کڕینی "گرێبەستی بژاردەکان" کردووە، بەو ئاراستەیەی کە نرخی نەوتی برێنت تا کۆتایی مانگی نیسانی داهاتوو بگاتە لوتکەی مێژوویی خۆی، واتە 150 دۆلار، ئەمەش بەهۆی ترسیان لە پەککەوتنی هەناردەی نەوت لە رێگەی گەرووی هورمز بەهۆی شەڕەوە.
ئێستا نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ گرێبەستەکانی مانگی ئایار لە دەوروبەری 107 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت. نرخەکان لە دوای 28ی شوباتەوە، واتە لەگەڵ دەستپێکردنی گرژییە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، بە رێژەی نزیکەی 50% بەرزبوونەتەوە، کە بەهۆیەوە جووڵەی نەوت لە گەرووی هورمزدا تووشی ئاستەنگ بووە. هەرچەندە ئاماژەی سەرەتایی هەن کە واشنتن و تاران بەدوای رێگەیەکدا دەگەڕێن بۆ کۆتاییهێنان بەو ململانێیە، بەڵام نرخەکان هێشتا بە ناجێگیری ماونەتەوە.
داتاکانی بازاڕی داتاشراوەکان (Derivatives) دەریانخستووە، لە چەند هەفتەی رابردوودا ئەو گرەوانەی لەسەر گەیشتنی نرخی نەوت بە 150 دۆلار کراون، 10 هێندە زیادیان کردووە. ئەگەر نرخەکە بگاتە ئەو ئاستە، ئەوا ریکۆردی ساڵی 2008 دەشکێنێت کە تێیدا نرخی نەوتی برێنت گەیشتە 147 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
هەروەها ئامارەکانی بۆرسەی ئینتەرکۆنتیننتال (ICE) ئاماژە بەوە دەدەن، ئەو گرێبەستانەی کڕیارەکانیان مافی کڕینی نەوتی برێنتیان بە نرخی 150 دۆلار بۆ مانگی حوزەیران هەیە، بەراورد بە مانگی رابردوو 10 هێندە زیادیان کردووە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە بازاڕەکان خۆیان بۆ بازدانێکی گەورەی نرخ لە ماوەیەکی کورتدا ئامادە دەکەن.