پزیشكیان بۆ پاپای ڤاتیکان: پابەندین بە چارەسەری ئاشتییانە

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران سوپاسی پاپای ڤاتیکان لیۆی چواردەیەم دەکات سەبارەت بە هەڵوێستەکانی دژی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران. 

ئەمرۆ شەممە، 16ـی ئایاری 2026، میدیاکانی ئێران نامەیەکی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانیان بڵاوکردەوە کە بۆ پاپای ڤاتیکانی ناردووە و دەڵێت، "هەڵوێستی ئەخلاقی و لۆژیکی ئێوە سەبارەت بە هێرشە سەربازییەکانی ئەم دواییەی بۆ سەر ئێران بەرز دەنرخێنم."

پزیشکیان باسی لەوەشکردووە، "هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل تەنیا دژی ئێران نییە، بەڵکو دژی سەروەری یاسا و بەها مرۆییەکانە."

راشیگەیاندووە، گەلی ئێران، بە هەموو پێکهاتەکانەوە 'موسڵمان، مەسیحی، جوو و زەردەشتی' چەندین سەدەیە بە ئارامی و ئاسایشەوە لەسەر ئەم خاکە و لەسەر بنەمای پەیوەندی مێژوویی، کولتووری و ئایینی ژیاون، بەڵام بوونی بنکه سەربازییەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی وڵاتانی ناوچەکە کە لەوێوە هێرشیان کردە سەر ئێران، هێزە چەکدارەکانی تارانیان  ناچار کرد بەرەنگاریان ببنەوە.

هەر لە درێژەی نامەکەدا سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوەشداوە، ئێران لە چوارچێوەی بەرگرییکردنی رەوا، بەرژەوەندیی دەستدرێژکارانی کردووەتە ئامانج.

پزیكشیان جەختی کردووەتەوە، ئێران پابەندە بە چارەسەری ئاشتیانە بەشێوەی دیپلۆماسی، هەروەها چاوەڕوانن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر کردەوە نایاساییەکانی ئەمریکا بە بەرپرسانە هەڵسوکەوت بکات.

لە کاتی جەنگی ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل، پاپا چەندین جار رەخنەی لە کردەوەکانی ئەمریکا گرتووە، هەروەها هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ سەر گەلی ئێران بە شتێکی قبوڵنەکراو وەسف کردووە.

لە سەرەتای مانگی نیساندا، دوای بانگەوازی پێت هێگسێتی وەزیری جەنگی ئەمریکا بۆ دوعاکردن بۆ سەربازەکان، پاپا لە وتارێکی خۆیدا رایگەیاند، "ویستی باڵادەستی لەگەڵ بەرنامەی عیسا مەسیح یەکناگرێتەوە."