لە سلێمانی شانۆگەری "بریسکانەوە" نمایش دەکرێت
شانۆگەری "بریسکانەوە" کە لە دەرهێنانی رەهێن رێبوارە، بڕیارە لە سلێمانی لە هۆڵی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکان نمایش بکرێت.
هەینی 27ی ئاداری 2026، رەهێن رێبوار، دەرهێنەری شانۆگەرییەکە بە کوردستان24ی گوت، "ئەو شانۆگەرییە باسی خێزانێک دەکات لەناو هۆتێلێک کە بۆ کارکردن لەوێ دەبن، سەرەتا شتەکان زۆر بە ئاسایی روودەدات، بەڵام دواتر بەهۆی شوێنی دروستکردنی ئەو هۆتێلە نەفرەتلێکراوە، بەهۆی ئەوەی پێشتر تاوانی مرۆڤخۆری تێدا کراوە، بۆیە ئەو خێزانە تووشی ئاڵنگاری و بارودۆخێکی دەروونی قورس دەبنەوە لەناو هۆتێلەکە."
رەهێن رێبوار گوتیشی، "وەکو یەکەمین ئەزموونی شانۆیی ترسناک لەتەواوی کوردستان و عێراق، بۆ یەکمجارە شانۆیی ترسناک لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت، بۆیە شانۆگەری ترسناک لە کوردستان هێشتا لە سەرەتای رێگایە، بەڵام بەهۆی کولتووری دەوڵەمەند و چیرۆکە نهێنییەکان، دەتوانێت ببێتە یەکێک لە گرنگترین و سەرنجڕاکێشترین جۆرەکانی شانۆ لە داهاتوودا."
شایەنی باسە، شانۆگەری "بریسکانەوە"، لە دەرهێنانی رەهێن رێبوارە، هەر یەکە لە ژیوەر ئەبوبەکر و ساڤیا سەلام رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن، بڕیارە ئەمڕۆ هەینی 27ی ئاداری 2026، کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی جیهانی شانۆدا، لە سلێمانی لە هۆڵی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکان نمایش بکرێت و چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت.