لە سوید پێشانگەی شێوەکاری "شوناس و نەورۆز" کرایەوە
پێشانگەیەکی شێوەکاری بۆ 10 هونەرمەندی شێوەکاری کورد، لەژێر ناوی "شوناس و نەورۆز" لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید کرایەوە.
پێنجشەممە، 26ی ئاداری 2026، دەشتی جەنگی، هونەرمەندی شێوەکار، دەربارەی کردنەوەی ئەو پێشانگەیە بە کوردستان24ی گوت، "لە ناو دڵی ئەوروپادا، شوناس و نەورۆز، بەزمانی رەنگ و هونەر دەدوێن، کاتێک جیهان بە گشتی و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی، لە ژێر کاریگەریی دۆخێکی ئاڵۆز و نائارامدا تێدەپەڕێ، ئێمەی هونەرمەندانی کورد، بە زمانی رەنگ و وێنە هەوڵی گەیاندنی پەیامێکی تر دەدەین وەکو پەیامی هیوا، ناسنامە و ژیان."
دەشتی جەنگی گوتیشی، "نزیکەی 250 کەس لە مێوان و بینەر ئامادەی پێشانگەکە بوون، کە تێکەڵاوێک بوون لە کەسایەتییە ناسراوەکانی کورد و سویدی. ئەم ئامادەبوونە فراوانە، نیشانەی گرنگی ئەم جۆرە چالاکیانەیە بۆ دروستکردنی پلەی پەیوەندی کولتووری نێوان گەلان."
دەربارەی پەیامی پێشانگەکە، ئەو شێوەکارە گوتی، "پێشانگەکە تەنیا نیشاندانی تابلۆ نەبوو، بەڵکو گوزارشتێکی زیندوو بوو لە ناسنامەی کوردی. هەر تابلۆیەک چیرۆکێکی تایبەتی هەبوو وەکو چیرۆکی خاک، مێژوو، کۆچ و هەستە نەتەوەییەکان، بابەتی سەرەکی "شووناس و نەورۆز" بوو، کە وەک هێمای نوێبوونەوە و بەرخودان، بە شێوەیەکی هونەری لە کارەکاندا رەنگی داوەتەوە."
دەشتی جەنگی ئاماژەی بەوەش دا، "لە کاتێکدا کە جەنگ و نائارامی ناوچەکە کاریگەری خۆی لەسەر ژیانی خەڵک داناوە، ئەم جۆرە چالاکییانە دەبنە شێوەیەک لە بەرخودان، بەرخودانێک بە هونەر، کە دەتوانێت هیوا بگەڕێنێتەوە و رۆحی ژیان بگەیەنێتەوە ناو کۆمەڵگە. هونەرمەند، لەم بارەیەوە، تەنیا دروستکەری جوانی نییە، بەڵکو گەیاندەری پەیام و پارێزەری بیرەوەرییەکانیشە."
ئەو هونەرمەندە شێوەکارە ئەوەشی گوت، "شووناس و نەورۆز" تەنیا پێشانگەیەک نییە، بەڵکو بانگەوازییەکە بۆ ناساندنی کورد و کولتوورەکەی بۆ جیهان. لە کۆتاییدا، ئەم پێشانگەیە دەبێتە نموونەیەک لەوەی کە چۆن هونەر دەتوانێت لە کاتی قەیراندا، ببێتە چرایەکی رووناک بۆ رێگای داهاتوو."
شایەنی باسە، لە شاری ستۆکهۆڵمی وڵاتی سوید، پێشانگەیەکی شێوەکاری لەژێر ناوی "شووناس و نەورۆز" بە هاوکاری نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەبەشداری 10 شێوەکاری کورد کرایەوە لەوانیش وەکو، زاهیر حوسێنی، لانە کوردی، یوسف رێگا، موعین رامان، تاڤگە عوسمان، ئاسیا ئاغا، خالید ستار، چنوور، ئاشنا دەوڵەت و دەشتی جەنگی.