سۆران.. پێنج کەس لە پێنج رۆژدا خنکاون و بەرگریی شارستانی هۆشداریی بەپەلە دەداتە گەشتیاران
بەڕێوەبەری گشتیی بەرگریی شارستانیی سۆران، رایگەیاند، کە هەڵمەتێکی فراوانی هۆشیارکردنەوەیان لە بازگەکان دەستپێکردووە و رێنمایی و پۆستەری پێویست بەسەر گەشتیاراندا دابەش دەکرێت تاوەکوو لە مەترسییەکان بەدوور بن؛ ئەمەش دوای ئەو دێت کە پێنج کەس لە پێنج رۆژدا خنکاون
کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری گشتیی بەرگریی شارستانیی سۆران، ئامارێکی مەترسیداری خستە روو و بە کوردستان24ـی راگەیاند، "بەداخەوە لە ماوەی تەنیا پێنج رۆژی رابردوودا، پێنج حاڵەتی خنکانمان لە سنوورەکەدا هەبووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئاستی ئاوی رووبارەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە و مەترسیی لافاو لە ئارادایە."
جەختیشی کردەوە، بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم کارەساتانە، بڕیار دراوە لە رۆژانی پشوودا (پێنجشەممە، هەینی و شەممە) تەواوی تیمەکانی پاراستنی رووبار لە حاڵەتی ئامادەباشی تەواودا بن، هەروەها 14 خاڵی چاودێریی نوێ لە شوێنە مەترسیدارەکان جێگیر کراون.
لەسەر ئاستی هەماهەنگی، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی ئاماژەی بەوە کرد کە لەم هەفتەیەدا لەگەڵ لایەنی گەشتوگوزار دەستیان کردووە بە پەرژینکردنی ئەو شوێنە گەشتیارییانەی کە دەکەونە سەر ئاوەکان و مەترسیی کەوتنیان لێدەکرێت. میراودەلی پەیامێکی توندی ئاراستەی گەشتیاران کرد و داوای لێکردن: "تەنیا لە پێناو وێنەگرتن یان تۆمارکردنی ڤیدیۆ، ژیانی خۆتان و خێزانەکانتان نەخەنە مەترسییەوە، چونکە زۆرجار بەهۆی نەشارەزایی لە جوگرافیای ناوچەکە و قووڵیی ئاوەکان، کارەساتی دڵتەزێن روو دەدەن."
بەرگری شارستانیی سۆران کۆمەڵێک رێنمایی بۆ هاووڵاتییان بڵاو کردەوە، تێیدا داواکراوە کە شوێنی گونجاو و دوور لە رووبارەکان بۆ گەشتەکانیان هەڵبژێرن. هەروەها هۆشدارییان دا لە مەترسیی داڕمانی بەرد لە ناوچە شاخاوییەکان بەهۆی بارانەوە و داوایان کرد ئۆتۆمبێلەکانیان لە ژێر ڕەوەز و شاخە مەترسیدارەکاندا رانەگرن تاوەکوو سەلامەت بن.