ئێران: دەوروبەری وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر کراوەتە ئامانج
دەستەی وزەی ئەتۆمیی ئێران، رایگەیاند، دەوروبەری وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر بە پێکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی گەورە بەر دامەزراوەکە نەکەوتووە.
شەممە 28ـی ئاداری 2026، دەستەی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند، هێرشکردوەتە سەر دەوروبەری بنکەی ئەتۆمی بوشەهر بەڵام رووداوەکە هیچ زیانێکی تەکنیکی یان گرفتێکی لە پرۆسەی کارپێکردنی ناو وێستگەکەدا دروست نەکردووە، هاوکات هۆشدارەی دا رایگەیاند: "هەر جۆرە بەئامانجگرتنێکی راستەوخۆ یان زیان گەیاندن بە وێستگەی بوشەهر، دەکرێت ببێتە هۆی رووداوێکی ناوکی مەترسیدار کە لێکەوتەی فراوانی بۆ سەر ئاسایشی تەواوی ناوچەکە دەبێت".
لای خۆیەوە، ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی بڵاویکردەوە، ئەمە سێیەمین جارە ئەم وێستگەیە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دەکرێتە ئامانج، لەوەتەی دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتی رابردوو تاوەکو ئێستا.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییە مەترسییەکانی دروستبوونی کارەساتی ژینگەیی و ناوکی لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە، لەکاتێکدا گرژییەکانی نێوان ئێران و هاوپەیمانان لە لوتکەدایە.