میدیاکانی ئەمریکا: 12 سەربازی ئەمریکا لە سعودیە بریندار بوون

میدیاکانی ئەمریکا، رایانگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر بنکەی ئاسمانی "ئەمیر سوڵتان" لە سعودیە، ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی بریندار بوون و زیانێکی زۆریش بە فڕۆکە جەنگییەکان گەیشتووە.

شەممە 28ـی ئاداری 2026، تۆڕی هەواڵی سی بی ئێس نیوز بڵاویکردەوە: "لە هێرشێکدا بۆ سەر بنکەی ئاسمانی ئەمیر سوڵتان لە سعودیە، 12 سەربازی ئەمریکی بریندار بوون".

هاوکات، رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە ئاشکرای کرد، هێرشەکە لە لایەن ئێرانەوە  لە رێگەی مووشەک و درۆنەوە ئەنجامدراوە.

بەگوێرەی راپۆرتەکەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لەو هێرشەدا چەندین فڕۆکەی سوپای ئەمریکا، لەوانە فڕۆکەکانی تانکەری سووتەمەنی بۆ تێکردنی سووتەمەنی لە ئاسماندا، زیانیان بەرکەوتووە و تێکشکاون.

تاوەکو ئێستا لایەنە فەرمییەکان و پێنتاگۆن بە فەرمی وردەکاری زیاتریان دەربارەی قەبارەی زیانەکان و دۆخی تەندروستی سەربازە بریندارەکان بڵاونەکردووەتەوە.