ئێران هێرشی کردە سەر پاڵاوگەیەکی نەوتی بەحرەین
هێرشێکی مووشەکیی ئێران بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لە کۆمەڵگەیەکی پاڵاوگەکانی وڵاتی بەحرەین و وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتەش باس لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە دەکات.
ئەمڕۆ شەممە، 28ـی ئاداری 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز رایگەیاند، بەهۆی هێرشێکی مووشەکیی ئێرانەوە ئاگرێکی گەورە لە کۆمەڵگەی پاڵاوگەی بابکۆ لە ناوچەی ریفاع لە بەحرەین کەوتووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، ئاگرەکە لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکیی ئێران بۆ سەر ئەو کۆمەڵگە پیشەسازییە دروست بووە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا هیچ ئامارێکی ورد سەبارەت بە زیانە گیانی و ماددییەکانی نێو پاڵاوگەکە بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام بەگوێرەی راگەیەنراوێکی راشید بن عەبدوڵڵا ئال خەلیفە، وەزیری ناوخۆی بەحرەین، تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانیویانە کۆنترۆڵی ئاگرەکە بکەن.
ئەم پەرەسەندنە نوێیە لە کاتێکدایە لە دوای سەرهەڵدانی جەنگی ئێران؛ دامەزراوە ستراتیژی و ئابوورییەکانی ناوچەکە رووبەڕووی هێرشی بەردەوامی سوپای پاسداران دەبنەوە.
ململانێکانی نێوان بەحرەین و ئێران مێژوویەکی درێژیان هەیە و گرژییەکانیان لە چەند ساڵی رابردوودا زیاتر بووە. حکوومەتی مەنامە بەردەوام تاران تۆمەتبار دەکات بە پشتیوانیکردنی گرووپە چەکدارەکان بۆ تێکدانی ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەکەی.
کۆمەڵگەی پاڵاوگەی بابکۆ یەکێکە لە گەورەترین و گرنگترین دامەزراوە ئابوورییەکانی بەحرەین، رۆژانە زیاتر لە 250 هەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت و سەرچاوەیەکی سەرەکیی داهاتی ئەو وڵاتەیە.