پەروەردەی ئێران: بەهۆی جەنگەوە 252 قوتابی و مامۆستا کوژراون و 600 قوتابخانەش وێران بوون
کەرتی پەروەردە لە ئێران بەهۆی جەنگی بەردەوامی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، رووبەڕووی زیانێکی مرۆیی و ماددیی گەورە بووەتەوە و تا ئێستا سەدان قوتابی و مامۆستا بوونەتە قوربانی.
حوسێن سادقی، سەرۆکی راگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی پەروەردەی ئێران، لە نوێترین ئاماردا رایگەیاند، "لە سەرەتای دەسپێکی هێرشەکانەوە تا ئێستا 252 قوتابی و مامۆستا گیانیان لەدەستداوە"، ئاماژەی بەوەش کرد، 184 کەسی دیکە لە ناو کۆمەڵەی پەروەردەکاراندا بریندار بوون.
لەلایەکی دیکەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کە لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداری تێدا کرد، تیشکی خستە سەر ئاستی وێرانکارییەکان، عێراقچی رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئێران، زیاتر لە 600 قوتابخانە لە سەرانسەری وڵاتدا زیانیان پێگەیشتووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوەش کردەوە، بەهۆی ئەم پێکدادانە سەربازییانەوە، ئاماری گشتیی ئەو قوتابیانەی کوژراون یان بریندار بوون، هەزار کەسی تێپەڕاندووە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ کاریگەرییە توندەکانی جەنگ لەسەر ژیانی مەدەنی و پرۆسەی خوێندن لەو وڵاتەدا.