ئیمارات: نابێت عێراق رێگە بدات خاکەکەی بۆ کاری دوژمنکارانە بەکاربهێندرێت

وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات، داوای لە حکوومەتی عێراق کرد بە زووترین کات رێگری لەو کارە دوژمنکارانە بکات کە لە ناو خاکەکەیەوە ئەنجام دەدرێن.

چوارشەممە 20ـی ئایاری 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە بەیاننامەیەکدا بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییانەی کرد کە لە خاکی عێراقەوە دەکرێنە سەر دامەزراوە مەدەنییەکان لە وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو، ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی روونی سەروەری و یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانن.

وەزارەتەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، پێویستە حکوومەتی عێراق پابەند بێت بە رێگریکردن لە هەموو کارە دوژمنکارییەکان بەبێ هیچ مەرجێک و بە شێوەیەکی بەرپرسانە و خێرا مامەڵە لەگەڵ ئەو هەڕەشانەدا بکات بە جۆرێک کە لەگەڵ پەیماننامە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکاندا بگونجێت.

هەروەها ئیمارات داوای کردووە عێراق رۆڵی خۆی لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بگێڕێت و سەروەری خۆی بپارێزێت و وەک هاوبەشێکی کاریگەر و بەرپرسیار لە ناوچەکەدا دەربکەوێت.