پزیشکیان: گوتار و رەفتارە دژبەیەکەکانی ئەمریکا بێمتمانەیی ئێرانی گەیاندووەتە لووتکە

سەرۆککۆماری ئێران، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی پاکستان، رایگەیاند: کە سیاسەتە دژبەیەکەکانی ئەمریکا بووەتە هۆی ئەوەی تاران زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە بێمتمانە بێت بەرانبەر بە واشنتن.

شەممە، 28ـی ئاداری 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکانی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان تاران و واشنتنی تاوتوێ کرد.

ئاژانسی هەواڵی ئیسنا بڵاوی کردەوە، پزیشکیان لە میانی گفتوگۆکەدا ئاماژەی بەوە کرد کە "گوتار و رەفتارە دژبەیەکەکانی ئەمریکا" هۆکاری سەرەکیی تێکچوونی سەقامگیرین، هەروەها "ئەم پارادۆکسە لە سیاسەتەکانی ئەمریکادا، بووەتە هۆی بێمتمانەیییەکی قووڵ و بێوێنەی ئێران بەرانبەر بەو وڵاتە."

لای خۆشیەوە، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ سەقامگیریی ناوچەکە دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە هەر جۆرە دیالۆگ و گفتوگۆیەک دەبێت لە کەشێکی پڕ لە متمانە و رێزی دوولایەنەدا بێت.

شەریف ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ ئەوەی زەمینەی گفتوگۆ بێتە ئاراوە، پێویستە هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران رابگیرێن و کۆتایی بە کردەوەکانی بە ئامانجگرتنی بەرپرسان و خەڵکی سڤیلی ئەو وڵاتە بهێنرێت.

سەرۆکوەزیرانی پاکستان دووپاتی کردەوە کە سەروەریی خاکی ئێران و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە، بنەمایەکی سەرەکین بۆ هەر هەوڵێکی دیپلۆماسی لە داهاتوودا.

ئەم گفتوگۆیەی نێوان هەردوو سەرۆک لە کاتێکدایە، کە گرژییەکان لە ناوچەکەدا روویان لە زیادبوون کردووە و تاران جەخت لە پاراستنی سەروەریی نیشتمانیی خۆی دەکاتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە سێشەممە 24ـی ئاداری 2026، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەی بەوە کردبوو، کە وڵاتەکەی بە تەواوی پشتیوانی لەو هەوڵە دیپلۆماسییانە دەکات کە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئارادان.

بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.