تێلیگراف: ئێران لە رێگەی "پرێس تی ڤی"یەوە تۆڕێکی سیخوڕی لە لەندەن بەڕێوە دەبات

رۆژنامەی "تێلیگراف"ی بەریتانی لە راپۆرتێکی مەترسیداردا ئاشکرای کرد، کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناو جەرگەی لەندەنەوە تۆڕێکی سیخوڕی و کۆکردنەوەی زانیاری بە شێوەیەکی ئاشکرا بەڕێوە دەبات. رۆژنامەکە هۆشداری دەدات تاران ژینگەی بەریتانیای قۆستووەتەوە بۆ ئەنجامدانی چالاکیی هەواڵگری و بڵاوکردنەوەی پڕۆپاگەندە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، دەسەڵاتی ئێران کەناڵی "پرێس تی ڤی" (Press TV) کە بنکەکەی لە لەندەنە، وەک رووپۆشێک بۆ راکێشانی سیخوڕ و بریکاری نوێ بەکاردەهێنێت. تێلیگراف ئاماژە بەوە دەکات، راپۆرتەکانی ئەم کەناڵە لەسەر رێکخراوە خێرخوازییەکان، قوتابخانەکان و کۆمەڵگە جووەکانی بەریتانیا، بە کردەیی بوونەتە لیستی ئامانجەکان بۆ تیرۆریستان.

ئەم هۆشدارییانە دوای زنجیرەیەک رووداوی ئەمنی دێن؛ هەفتەی رابردوو پۆلیسی بەریتانیا دوو کەسی دەستگیرکرد دوای هێرشێکی سووتاندن بۆ سەر چوار ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی سەر بە کۆمەڵگەی جووەکان لە باکووری لەندەن. لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئاماژە بە تێوەگلانی ئێران لەو هێرشەدا دەکەن. هەروەها لە سەرەتای ئەم مانگەدا، دوو پیاوی ئێرانی تۆمەتبار کران بە سیخوڕیکردن و چاودێریکردنی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل و کەنیسەیەکی کۆنی جووەکان.

جۆناسان هاکیت، ئەفسەری پێشووی هەواڵگری ئەمریکا و شارەزا لە ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکانی ئێران، بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە: "لەندەن بۆ ئێران ژینگەیەکی زۆر لەبارە. پرێس تی ڤی نەک هەر بە نهێنی، بەڵکو بە ئاشکراش کار بۆ دەسەڵاتی دەکات." ئاماژەی بەوەش کرد، هەندێک لە رۆژنامەنووسانی کەناڵەکە ئەرکیان دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەیە کە دەکرێت وەک سیخوڕ رابکێشرێن، چونکە کاری رۆژنامەوانی دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێنێت بگەنە ناو بەرپرسانی حکوومەتی بەریتانیا.

راپۆرتەکە نموونەی مۆنیکا ویت دەهێنێتەوە، کە ئەفسەرێکی هەواڵگری هێزی ئاسمانی ئەمریکا بوو و لە ساڵی 2013دا بەرەو ئێران هەڵات؛ دەرکەوتووە پڕۆسەی راکێشانی ئەو بۆ ناو تۆڕی سیخوڕی ئێران لە رێگەی مارزیە هاشمی، پێشکەشکاری "پرێس تی ڤی"یەوە دەستی پێکردووە.

لە بەرامبەر ئەم هەڕەشانەدا، ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی بەریتانیا داوایان لە حکوومەت کردووە سزای دارایی توند بەسەر "پرێس تی ڤی"دا بسەپێنێت و بە یەکجاری دایبخات. هەرچەندە لە ساڵی 2012وە مۆڵەتی فەرمی کەناڵەکە هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام هێشتا لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاوە چالاکە و زیاتر لە ملیۆنێک فۆڵۆوەری هەیە.

گوتەبێژی حکوومەتی بەریتانیا لە لێدوانێکدا بۆ تێلیگراف جەختی کردەوە، ئەوان ئاگاداری مەترسییەکانی ئێرانن و پاراستنی ئاسایشی وڵات و ژیانی هاووڵاتیان لە پێشینەی کارەکانیانە، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمەڵێک رێکاری توندیان گرتووەتە بەر.