مووشەکێکی ئێران کارگەیەکی کیمیایی لە ئیسرائیل پێکاوە

مووشەکێکی ئێرانی لە ناوچەیەکی پیشەسازیی نزیک شاری بیئر سبع لە باشووری ئیسرائیل کەوتە خوارەوە و زیانی بە کارگەیەکی هەستیار گەیاند کە ماددەی کیمیایی مەترسیداری تێدایە.

یەکشەممە 29ـی ئاداری 2026، میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە کە لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ناوەڕاست و باشووری وڵاتەکە، مووشەکێک لە ناوچەی پیشەسازیی ناوەت حۆڤاڤ لە نزیک بیئر سبع کەوتووەتە خوارەوە. بەپێی راپۆرتە سەرەتاییەکان، بۆردوومانەکە زیانی مادیی بە دامەزراوەیەک گەیاندووە کە وەک کۆگای ماددە کیمیاییە مەترسیدارەکان بەکاردێت.

پۆلیسی ئیسرائیل و دەزگای فریاگوزاریی ئەستێرەی سووری داود رایانگەیاند، کە لە ئەنجامی تەقینەوەکەدا کەسێک بە سووکی بریندار بووە و چارەسەری بۆ کراوە. هەرچەندە لە سەرەتادا گومانێکی زۆر هەبوو کە ماددە کیمیاییە ژەهراوییەکان دزەیان کردبێتە ناو ژینگەی ناوچەکە، بەڵام دوای پشکنینی وردی تیمە تەکنیکییەکان، بەرپرسان رایانگەیاند کە هیچ دزەکردنێکی مەترسیدار تۆمار نەکراوە.

دەستەی پەخشی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەو کارگەیەی کراوەتە ئامانج یەکێکە لە بنکە گرنگە پیشەسازییەکان و ماددەی کیمیایی زۆر هەستیاری تێدا کۆگاکراوە. لایەنە پەیوەندیدارەکان داوایان لە دانیشتووانی ناوچەکە کردووە کە بە هیچ شێوەیەک لە شوێنی کەوتنە خوارەوەی مووشەکەکە نزیک نەبنەوە و پابەندی تەواوی رێکارە ئەمنییەکان بن تاوەکو سەلامەتیی گشتی پارێزراو بێت.