وەزیری دەرەوەی پاکستان: کۆبوونەوە چوارقۆڵییەکە سەرنج دەخاتە سەر راگرتنی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
وەزیرانی دەرەوەی چوار وڵاتی کاریگەری ناوچەکە لە پایتەختی پاکستان کۆبوونەوە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران و ئەمریکا بە شێوەیەکی هەمیشەیی. هاوکات وەزیری دەرەوەی پاکستان رایگەیاند کە چین پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ میوانداریکردنی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران لە ئیسلام ئاباد دەربڕیوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 29ی ئازاری 2026، ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان، لە راگەیەندراوێکی ڤیدیۆییدا ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی شانبەشانی نوێنەرانی باڵای سعوودی، تورکیا و میسر، گفتوگۆی چڕیان ئەنجام داوە سەبارەت بە رێگە گونجاوەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی پێشوەختە و بەردەوام.
وەزیری دەرەوەی پاکستان ئاماژەی بەوە کرد، هەرسێک وڵاتی سعوودیە، تورکیا و میسر متمانەی تەواوی خۆیان بە هەوڵە نێوەندگیرییەکانی پاکستان دەربڕیوە. هەروەها جەختی کردەوە چین پشتیوانیی تەواوی میوانداریکردنی ئەو لووتکە ئاشتییە دەکات کە چاوەڕوان دەکرێت لە ئیسلام ئاباد لە نێوان شاندی ئەمریکا و ئێران بەڕێوە بچێت.
ئیسحاق دار گوتیشی: ئێمە بەردەوامین لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ لایەنە جیاوازەکان بۆ سەرخستنی ڕێڕەوی دیپلۆماسی، چونکە بڕوامان وایە دانوستان تاکە بژاردەی سەرەکی و بنەڕەتییە بۆ کۆتاییهێنان بەم ململانێ خوێناوییە. ئەو هەروەها دیدگاکانی خۆی لە دواین پەرەسەندن و ئاڵوگۆڕی پەیامەکان لە نێوان واشنتن و تاران ئاگادار کردووەتەوە.
ئەم پەرەسەندنە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە ململانێ سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران پێیان ناوەتە مانگی دووەمەوە و هەوڵە ناوچەییەکان چڕکراونەتەوە بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری جەنگ و داڕشتنی نەخشەڕێگەیەک بۆ ئاگربەستێکی گشتگیر.