رێژەی هەڵاوسان لە ئێران بۆ سەرووی 50%بەرزبووەوە

ناوەندی فەرمیی ئاماری ئێران رایگەیاند، بەهۆی کاریگەرییەکانی جەنگەوە، رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لە وڵاتەکە تا ناوەڕاستی مانگی ئادار بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە50.6%.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی ئاداری 2026، ناوەندی ئاماری ئێران لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردووەتەوە،رێژەی هەڵاوسان لەو 12 مانگەی کە لە مانگی "ئیسفەند" (20ی شوبات تا 20ی ئادار) کۆتایی هاتووە، گەیشتووەتە 50.6%ئەمەش بەراورد بە مانگی پێشوو سێ خاڵ زیادی کردووە کە 47.5%بوو.

ئەم بەرزبوونەوە گەورەیە لە نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لە کاتێکدایە، کە ئێران لە 28ـی شوباتەوە بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەکان لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل کەوتووەتە نێو جەنگەوە، ئەوەش لێکەوتە و کاریگەریی ئابووریی فراوانی بەدوای خۆیدا هێناوە.

شارەزایانی ئابووری پێیان وایە بەردەوامیی گرژییە سەربازییەکان و ناسەقامگیریی سیاسی لە ناوچەکەدا، راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر بەهای تومەن و بەرزبوونەوەی تێچووی بژێوی ژیان لە ناوخۆی ئێران دروست کردووە.