بەریتانیا سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی دەکات

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ريتانيا رایگەیاند:  وڵاتەکەی بە بایەخێکی زۆرەوە لە ئارامی و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان دەڕوانێت و پابەندیی بەردەوامیی هاوكارى و پشتگیرییەکانی بەریتانیای بۆ دووپات کردنەوە.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ئێواره‌ى ئەمڕۆ یەکشەممە 29ـی ئاداری 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە ئیڤێت کووپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیاوە پێگەیشت.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە داوە، لە پەیوەندییەکەدا، كووپه‌ر بە توندی هێرشه‌كانى سه‌ر هه‌رێمى كوردستان و هێرشه‌ درۆنییه‌كەی دوێنێى سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی؛ لە دهۆک سه‌ركۆنه‌ كرد، هەروەها هاوخه‌مى و هاوسۆزیی خۆی بۆ سەرۆکی هەرێم و  خانەوادەی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دەربڕی کە لە هێرشەکانی ئەم دوایییەی سەر هەرێمی کوردستاندا شەهید و بريندار بوون.
سەرۆکایەتیی هەرێم باسی لەوەش کردووە، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ريتانيا جەختیشی کردەوە کە وڵاتەکەی بە بایەخێکی زۆرەوە لە ئارامی و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان دەڕوانێت و پابەندیی بەردەوامیی هاوكارى و پشتگیرییەکانی بەریتانیای بۆ دووپات کردنەوە.
هەروەها لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پەیوەندیی کووپەر و پشتگیری و هاوکارییەکانی بەریتانیای بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌رگيز به‌شێك نه‌بووه‌ و نابێته‌ به‌شێك له‌ جه‌نگ.
لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، ده‌رباره‌ى پرۆسه‌ى سياسى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دوایین پێشهاتەکانی شەڕ و لێکەوتەکانى به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ و جيهانه‌وه‌، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌. له‌مباره‌يه‌وه‌ هەردوولا جەختیان لە گرنگیی دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە و چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهاتنی شەڕ کردەوە.