جۆ بایدن وەك سەرۆكی ئەمەریكا دەستبەكار دەبێت

دۆناڵد ترەمپ ماڵئاوایی كرد

جۆو بایدن سەرۆكی ھەڵبژێردراوی ئەمەریكا
جۆو بایدن سەرۆكی ھەڵبژێردراوی ئەمەریكا

K24 – ھەولێر

ئەمڕۆ رێوڕەسمی سوێندخواردنی جۆ بایدن سەرۆكی ھەڵبژێردراوی ئەمەریكا بەڕێوەدەچێت و دۆناڵد ترەمپیش لە كۆشكی سپی ماڵئاوایی كرد.

جۆ بایدن، دوێنێ 19/1/2020 بە چاوی بەگریانەوە ویلایەتی دیلاوەر-ی جێھێشت و بەرەو واشنتن كەوتەڕێ، بۆ ئەوە وەك 46مین سەرۆكی ئەمەریكا سوێند بخوات. وەكخۆی باسی كرد، بایدن بۆ كوڕەكەی گریاوە كە ساڵی 2015 بەھۆی نەخۆشی شێرپەنجە گیانی لەدەستداوە، بایدن گوتی "حەزم دەكرد ئەو لێرە بێ".

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا بەشداری لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی جۆ بایدن ناكات و چەند كاتژمێرێك لەمەوبەر وتاری ماڵئاوایی پێشكەشكرد، گوتی: "من شەڕم بۆ ئێوە كرد، بۆ خێزانەكانتان جەنگام، بۆ وڵاتمان شەڕم كرد، پێش ھەموو شتێك من شەڕم كرد بۆ ئەمەریكا و ھەر شتێك كە لە بەرژەوەندی ئەمەریكادا بێت. ئێستا ئەمەریكا سەلامەت و سەربەرز و ئازادە، لە كاتێكدا خۆم ئامادە دەكەم بۆ رادەستكردنی دەسەڵات بە ئیدارەیەكی نوێ، دەمەوێت بزانن، ئەوەی جووڵانەوەیەی دەستمان پێكرد تازە سەرەتایەكە، ھەرگیز شتێكی وا دروست نەبووە، ئەو متمانەیەی كە دەبێت وڵاتێك خزمەتی ھاووڵاتییانی بكات ھەرگیز كەمنابێتەوە".

لە 3/11/2020 دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی 46ـمین سەرۆكی ئەمەریكا بەڕێوەچوو، جۆ بایدن، كاندیدی دیموكراتەكان توانی متمانەی زۆرینەی ئەمەریكییەكان بەدەستبێنێ. دۆناڵد ترەمپ، ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی رەتكردەوە و رایگەیاند، كە ساختەكاری كراوە، لە چەند ویلایەتێكیش سكاڵای تۆماركرد، بەڵام ھیچ لە سكاڵاكان لە بەرژەوەندی ئەو یەكلایی نەبوونەوە.

6/1/2021 لەکاتێکدا کۆنگرێس لەکۆبوونەوەدابوو بۆ دەنگدان لەسەر پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەمەریکا، کە جۆ بایدن تێیدا سەرکەوتوو بوو، ترەمپ لە لایەکی دیکەی واشنتنەوە وتاری بۆ لایەنگرانی دەدا، دوای وتارەکەشی لایەنگرانی هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی کاپیتۆڵ، لە ئەنجامدا شەڕ روویدا و کۆبوونەوەکە وەستێنرا، پێنج کەس لەو شەڕەدا کوژران، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک لە تووندوتیژییەکان، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەران (کۆنگرێس) دەستیپێکردەوە و، سەرکەوتنی جۆ بایدنیان پەسەند کرد، ئەو رووداوە لە مێژووی ئەمەریکا کەم وێنەبوو و، ئێستاش زۆربەی لایەنەکان ترەمپ تۆمەتبار دەکەن بە نانەوەی ئەو ئاژاوەیە و هۆکاری تووندوتیژییەکان.

 

Fly Erbil Advertisment