ئیسرائیل: ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە لوبنان ئەگەری هەیە چەند ساڵێک بخایەنێت

ڕۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"ی ئیسرائیلی لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنیی باڵاوە بڵاویکردەوە، ئۆپەراسیۆنی سەربازی سوپای ئیسرائیل لە ناو خاکی لوبناندا ئەگەری هەیە بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەردەوام بێت.

سەرچاوە ئەمنییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئیسرائیل گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی حکوومەتی لوبنان توانای داماڵینی چەکی حزبوڵڵای نییە، بۆیە مانەوەی سوپای ئیسرائیل لە ناو قوڵایی خاکەکەدا بۆ چەندین مانگ و رەنگە بۆ چەند ساڵێکیش بەردەوام بێت. تەنانەت جەخت لەوەش کراوەتەوە، ئەگەر رێککەوتنی ئاگربەستیش واژۆ بکرێت، سوپا بەم زووانە ناوچەکە چۆڵ ناکات.

بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەکە، هێزەکانی ئیسرائیل لە ژێر بارانێکی چڕی مووشەک، تۆپخانە و مووشەکی دژە تانکدا کار دەکەن. ئاماژە بەوە دراوە، سەربازەکان تەنیا "٠ بۆ 5 چرکە"یان لەبەردەستە بۆ خۆحەشاردان دوای بیستنی زەنگی مەترسی. هەرچەندە باس لە پاشەکشەپێکردنی هێزەکانی حزبوڵڵا دەکرێت، بەڵام هێرشە چەکدارییەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئیسرائیل بە چڕی بەردەوامە.

لە رووی زیانە مرۆییەکانەوە، ئاشکرا کراوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی مانۆڕە زەمینییەکانەوە 5 سەربازی ئیسرائیلی کوژراون. تەنیا لە 24 کاتژمێری رابردوودا، سوپای ئیسرائیل کوژرانی سەربازێک و برینداربوونی 12 ئەفسەر و سەربازی دیکەی لە بەرەکانی باکوور و لە کاتی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ چەکدارانی حزبوڵڵا تاگەیاندووە.

لەلایەکی دیکەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند؛ فەرمانی کردووە بە فراوانکردنی "ناوچەی دابڕاو" لە باشووری لوبنان. ناتانیاهۆ جەختی کردەوە، ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لەسەر گۆڕینی ریشەیی دۆخی ئەمنیی لەسەر سنوورە باکوورییەکانی و گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە.