ترەمپ: ئێران بە زۆربەی مەرجەکانمان رازی بووە

ترەمپ: ئەگەر ئێران پابەند نەبن دەوڵەتەکەیان لەناودەچێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند؛ حکوومەتی ئێران بە تەواوی داواکارییەکانی ئەمریکا پابەند دەبێت، هاوکات هۆشداریی دایە تاران و رایگەیاند؛ پابەندنەبوون بەواتای ئەوە دێت "ئیتر شتێک نامێنێت بەناوی دەوڵەتی ئێران".

ترەمپ لە میانی لێدوانێکیدا لە ناو فڕۆکە تایبەتەکەی لە کاتی گەڕانەوەی لە "مار-ئا-لاگۆ"وە بۆ واشنتن ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە ناتوانرێت بە وردی پێشبینی ئەنجامی دانوستانەکان بکرێت، بەڵام جەختی کردەوە، بژاردەی سەربازی و وەشاندنی گورزی نوێ هێشتا لەسەر مێزە ئەگەر پێویست بکات.

سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، تاران بە زۆربەی ئەو 15 خاڵەی واشنتن پێشکەشی کردبوو رازی بووە، ئەمەش بە بەڵگەی جددیبوونی ئێرانییەکان لەقەڵەم دا. ترەمپ گەشبینی خۆی نیشان دا و رایگەیاند، پێدەچێت لە هەفتەی داهاتوودا بگەینە رێککەوتنی کۆتایی.

سەبارەت بە ناوەڕۆکی داواکارییەکان، ترەمپ گوتی: "واشنتن داوا لە تاران دەکات بە تەواوی دەستبەرداری چەکە ئەتۆمییەکانی ببێت و ئەو 'بڕە ئەتۆمییەی هەیەتی' رادەست بکات کە لە وێستگەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئیسفەهان بەدەستهاتوون"، ئەو وێستگانە لە ساڵی 2025 کەوتبوونە بەر هێرشی ئاسمانی ئەمریکا.

لە لایەکی دیکەوە، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، دانوستانەکان بە هەردوو شێوازی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە رێگەی نێردراوەکانەوە بەردەوامن و پرۆسەکە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت، بەڵام وردەکاری زیاتری لەسەر شوناسی نێوەندگیرەکان ئاشکرا نەکرد.

ئەم لێدوانە توندانەی ترەمپ لە کاتێکدایە ناوچەکە لە 28ـی شوباتەوە لە نێو گرژییەکی سەربازی بێوێنەدایە؛ کاتێک ئەمریکا و ئیسرائیل ئۆپراسیۆنێکی سەربازی بەرفراوانیان کردە سەر ئێران و شارە گەورەکانیان بۆردومان کرد. ئەو هێرشانە بوونە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران و ژمارەیەک لە بەرپرسە باڵاکانی تاران. لە بەرامبەردا ئێران زنجیرەیەک هێرشی تۆڵەسەندنەوەی کردە سەر ئامانجە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان لە وڵاتانی سعوودیە، ئیمارات، قەتەر، کوەیت و بەحرەین.