عێراق بەهۆی داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی مانگانە زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلار زیان دەکات
روانگەی ئیکۆ عێراق رایگەیاند، لە ئەنجامی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان، رۆژانە نزیکەی 360 هەزار دۆلار زیان بە عێراق دەگات، ئاماژەی بەوەشدا، مانگانە دەکاتە 10 ملیۆن و 800 هەزار دۆلار.
ئەمڕۆ دووشەممە، 30ـی ئاداری 2026، روانگەی ئیکۆ عێراق راگەیەندراوێکی لەبارەی زیانەکانی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، پێش دەستپێکردنی جەنگ، رۆژانە نزیکەی 800 فڕۆکەی ناوخۆیی و بیانی بە ئاسمانی عێراقدا هاتوچۆیان کردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، رێژەکە زیاتر بووە لە پێشتر کە رۆژانە 700 تا 750 فڕۆکە هاتوچۆیان بە ئاسمانی وڵاتەکەدا دەکرد.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، کرێی یەک فڕۆکە کە بە ئاسمانی عێراقدا تێدەپەڕێت، نزیکەی 450 دۆلار بووە، کە داهاتی رۆژانە دەکاتە 360 هەزار دۆلار.
راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دوای ئەوە هات کە لە 28ـی شوباتی ڕابردوودا، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران گرژی و ئاڵۆزییەکان ناوچەیەکی بەفراوانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتەوە.