ئیسماعیل بەقایی: دانوستانی راستەوخۆمان لەگەڵ ئەمریکا نەکردووە چونکە مەرجەکانیان نالۆژیکیە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی تا ئێستا هیچ دانوستانێکی راستەوخۆی لەگەڵ ئەمەریکا ئەنجام نەداوە، ئاماژەی بەوەشدا، هەموو ئەو پەیامانەی کە لەلایەن لایەنی ئێرانییەوە گەیشتوون سەبارەت بە خواستی واشنتن بۆ دانوستان لە رێگەی نێوەندگرانەوە هاتووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 30ـی ئاداری 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەو کۆبوونەوانەی لە پاکستان بەڕێوەدەچن، بە بڕیاریی ئەو وڵاتانە خۆیان بووە و ئێمەش بەشداریمان تێدا نەکردووە"، دەشڵێت، ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی هەڵوێستی ئێران پتەو و روونە، بە پێچەوانەی لایەنی بەرامبەر کە بەردەوام هەڵوێستەکانی دەگۆڕێت.
ئیسماعیل بەقایی باسی لەوەشکرد، خواستی وڵاتانی ناوچەکە لە کۆتاییهێنان بە شەڕ شتێکی ئاساییە، بەڵام دەبێت ئەو وڵاتانە بزانن کێ سەرەتا شەڕی دەستپێکردووە"، جەختیشی کردەوە، "ئێران زۆر باش دەزانێت چی دەوێت لە دانوستانەکان، بەڵام ئەو داواکارییانەی پێگەیشتووە زیادەڕەوی و نالۆژیکی بووە."
گوتیشی: ئەرکی یەکەمی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ئیدانەکردنی پێشێلکارییەکانە، کە تا ئێستا نەیکردووە، دەشڵێت، ئێران ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکات و دانوستانی پێویستی ئەنجامداوە، بەڵام داواکارییەکانی هێشتا هەڵپەسێردراون و هەموو مەرجەکانی جێبەجێ نەکراون.
ئاماژەی بەوەشدا، بڕیاری شەڕ و ئاشتی لە وڵاتدا بە پێی دەستووری ئێران بە روونی پێناسە کراوە، جەختی لەسەر پابەندبوونی ئێران بە چوارچێوەی یاسایی و دەستووری لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی پەیوەست بە ململانێ و دانوستان کردەوە.
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانیش لەوبارەوە گوتبوی، دوژمن پەیامی دانوستان و گفتوگۆ بە ئاشکرا دەنێرێت، لە هەمان کاتدا بە نهێنی پلان بۆ ئەنجامدانی هێرشی زەمینی دادەنێت.