کارۆلاین: جەنگ لەو کاتەی بۆی دیارییکراوە کۆتایی دێت

کۆشکی سپی ئاشکرای کرد, جەنگی دژ بە ئێران بەرەو قۆناغی کۆتایی دەچێت و تەنیا چەند هەفتەیەکی کەم لەو چوارچێوە کاتییەی بۆی دیاریکراوە ماوە. واشنتن ئاماری وێرانکەری زیانە سەربازییەکانی ئێرانی بڵاو کردەوە و جەختی کردەوە کە سەرەڕای نکوڵیکردنی بەرپرسانی تاران، گفتوگۆ نهێنییەکان بە باشی بەڕێوە دەچن و ئەمریکا ئامادەی تاقیکردنەوەی جددییەتی ئێرانییەکانە.

دووشەممە 30ـی ئاداری 2026، کارۆلاین لێڤت، سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کە چوارچێوەی کاتیی دیاریکراو بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران هێشتا وەک خۆیەتی و پێشبینی دەکرێت لە نێوان 4 بۆ 6 هەفتە جەنگەکە کۆتایی بێت. 

لێڤت سەرنجی خستە سەر ئەو گورزە کوشندانەی بەر سوپای تاران کەوتوون و گوتی: "ئێمە 70%ـی پیشەسازییە سەربازییەکانی ئێرانمان وێران کردووە و توانای مووشەکی و درۆنەکانی ئەو وڵاتە بە رێژەی 90% کەمی کردووە، هەروەها زیاتر لە 150 کەشتیی جەنگیی ئێرانی بە تەواوی تێکشکێندراون."

سەبارەت بە دۆخی گەرووی هورمز، کۆشکی سپی رایگەیاند کە پێشبینی دەکەن لە چەند رۆژی داهاتوودا 20 تانکەری نوێ بە ناو گەرووەکەدا تێپەڕ بن، بەڵام جەختی کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدا نییە ئێران باج و سەرانە بەسەر کەشتییەکاندا بسەپێنێت. لێڤت هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و گوتی: "ئەمە دەرفەتێکی مێژووییە بۆ ئێران تاوەکوو رێککەوتن واژۆ بکات، ئەگەر نا رووبەڕووی لێکەوتەی زۆر سەخت دەبنەوە."

لەسەر ئاستی دیپلۆماسی، سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی ئاشکرای کرد کە ئەوەی ئێرانییەکان بە ئاشکرا دەیڵێن زۆر جیاوازە لەوەی لە کۆبوونەوە نهێنییەکاندا باسی دەکەن. باسی لەوەش کرد، گفتوگۆکان بەردەوامن و بە ئاراستەیەکی باشدا دەڕۆن. ئێمە هەر بەڵێنێک کە لایەنی ئێرانی دەیدات، هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین تاوەکوو بزانین چەندە پابەندی قسەکانی خۆیان دەبن."