ئەڵمانیا پلانی گەڕاندنەوەی 80%ـی پەنابەرانی سووری بۆ وڵاتەکەیان رادەگەیەنێت

راوێژکاری ئەڵمانیا، ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا کار بۆ گەڕاندنەوەی زۆربەی پەنابەرانی سووری دەکات. جەختی کردەوە کە بەهۆی کۆتاییهاتنی شەڕی ناوخۆ لە سووریا، ئێستا زەمینە گونجاوە بۆ گەڕانەوەی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە و ئەڵمانیاش بە ئەولەویەت ئەو کەسانە دەگەڕێنێتەوە کە مۆڵەتی فەرمییان نییە یان تێوەگلاون لە کاری تاوانکاری.

دووشەممە 30ـی ئاداری 2026، فریدریک مێرز، راوێژکاری ئەڵمانیا ڕایگەیاند: "لە چوارچێوەی دیدگایەکی سێ ساڵەدا و بەپێی ئەو ئارەزووەی سەرۆک ئەحمەد شەرع دەریبڕیوە، پێشبینی دەکەین نزیکەی 80%ی ئەو سوورییانەی ئێستا لە ئەڵمانیا نیشتەجێن، بگەڕێنەوە بۆ نیشتمانی خۆیان."

مێرز وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ گەلی ئەڵمانیا کە لە ساڵانی ڕابردوودا ژمارەیەکی یەکجار زۆر پەنابەریان لە باوەش گرتووە، ئاماژەی بەوە کرد کە بارودۆخەکە گۆڕاوە و گوتی: "شەڕی ناوخۆ کۆتایی هاتووە و ئێستا ئاسۆیەکی ڕوون بۆ گەڕانەوە هەیە؛ ئێمە دەمانەوێت پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی ئەم گەڕانەوەیە بە شێوەیەکی سەرکەوتوو جێبەجێ بکرێت."

سەبارەت بە وردەکاریی پلانەکە، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا جەختی کردەوە کە سەرنجی سەرەکییان لەسەر گەڕاندنەوەی ئەو کەسانە دەبێت کە مۆڵەتی مانەوەی کارایان لە ئەڵمانیا نەماوە، هەروەها ئەو کۆمەڵە بچووکەی پەنابەران کە کێشەیان بۆ کۆمەڵگە دروست کردووە و لە کاری تاوانکاری تێوەگلاون.

مێرز دووپاتی کردەوە کە پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و جێبەجێکردنی یاسا لای حکوومەتەکەی لە پێشینەی کارەکان دەبێت و گەڕاندنەوەی پەنابەرانیش بەشێکە لەو ڕێکارانە.