ئەسۆشەیتد پرێس: وڵاتانی کەنداو داوای بەردەوامیی شەڕ دژی ئێران دەکەن
راپۆرتێکی ئاژانسی "ئەسۆشەیتد پرێس" ئاشکرای کردووە، زۆربەی وڵاتانی کەنداو پشتگیری لە بەردەوامبوونی کردەوە سەربازییەکان دەکەن دژی ئێران بە ئامانجی دروستکردنی گۆڕانکاریی ریشەیی لە سیاسەتەکانی ئەو وڵاتەدا، تەنانەت هەندێک لەو دەوڵەتانە داوای هێرشی زەمینی دەکەن و ئەم قۆناخە بە هەلێکی مێژوویی بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ئێران وەسف دەکەن.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ناوچەکە بە سەرکردایەتی سعوودیە و ئیمارات، فشاریان خستووەتە سەر دۆناڵد ترەمپ بۆ درێژەدان بە شەڕ و ئاماژەیان بەوە کردووە "تاران هێشتا بەو ئاستە لاواز نەبووە کە پێویستە"، ئەمەش دوای مانگێک لە هەڵمەتی چڕی بۆردوومانی ئاسمانی لەلایەن ئەمریکاوە. بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیلی و کەنداوی دەڵێن: "هەندێک لە هاوپەیمانە هەرێمییەکان پێیان وایە ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی پیاوانی ئایینی لە ئێران بە یەکجاری."
راپۆرتەکە ئاماژە بە جیاوازیی هەڵوێستی وڵاتانی کەنداو دەکات: سعوودیە، ئیمارات، کوەیت و بەحرەین، لە گفتوگۆیە تایبەتەکاندا رایانگەیاندووە؛ نایانەوێت شەڕ بوەستێت تا گۆڕانکاریی گەورە لە سەرکردایەتی ئێران یان رەفتارەکانیدا دروست نەبێت. ئیمارات بە تووندترین لایەن دادەندرێت و داوای "داگیرکاریی زەمینی" دەکات، کە کوەیت و بەحرەینیش پشتگیری دەکەن. هەریەکە لە عومان و قەتەر، بەهۆی رۆڵی مێژووییان وەک نێوەندگیر، زیاتر مەیلیان بەرەو چارەسەری دیپلۆماسی هەیە.
سعوودیە پێی وایە هەر رێککەوتنێکی خێرا لە بەرژەوەندی ئاسایشی ناوچەکە نییە و دەبێت هەر چارەسەرێک ئەم خاڵانە لەخۆ بگرێت، کۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، تێکشکاندنی توانای مووشەکە بالیستییەکانی، بڕینی هاوکارییەکانی تاران بۆ گرووپە چەکدارەکان و دەستەبەرکردنی ئاسایشی گەرووی هورمز و رێگریکردن لە داخستنی لە داهاتوودا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان پشتڕاستی کردەوە، "سعوودیە، قەتەر، ئیمارات، کوەیت و بەحرەین هەموویان بە تووندی شەڕ دەکەن."
لەلایەکی دیکەوە، نورا کەعبی، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات رایگەیاند: "رژێمێک مووشەکی بالیستی بگرێتە ماڵان و بازرگانی جیهانی وەک چەک بەکاربهێنێت، چیتر لە ناوچەکەدا جێگەی قبوڵکردن نییە."
کۆشکی سپی ئامادە نەبوو کۆمێنتی ورد لەسەر ئەم فشارانەی وڵاتانی کەنداو بدات، تەنیا جەختی کردەوە، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هاوڕان لەسەر ئەوەی "ناکرێت رێگە بە ئێران بدرێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
سەرەڕای پشتگیرییەکانی، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە بە بەرپرسانی ئەمریکی راگەیاندووە؛ لاوازکردنی توانای سەربازی ئێران لە بەرژەوەندی درێژخایەنی ناوچەکەدایە، بەڵام هاوکات نیگەرانە لەوەی درێژەخایەنبوونی شەڕەکە ببێتە هۆی ئەوەی دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە بکرێنە ئامانج.