جەنگی ئێران وڵاتانی جیهان ناچار دەکات روو لە وزەی نوێبووەوە بکەن
جەنگی ئێران بووەتە هۆی تێکچوونی نەخشەی دابینکردنی غاز لە جیهاندا و وڵاتانی هاوردەکاری ناچار کردووە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی گەرمکەرەوە و کارەبا، پەنا بۆ سەرچاوەی جێگرەوە بەرن. لەم نێوەندەدا ئەمریکا وەک گەورەترین هەناردەکاری غاز لە جیهان، ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی کورتخایەن سوود لەم شڵەژانەی بازاڕ وەربگرێت.
قەیرانی ئێستا وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیا ناچار دەکات دووبارە بیر لە سیاستەکانی وزە بکەنەوە و پەنا بۆ بژاردەی وەک خەڵوز، وزەی خۆر و وزەی ئەتۆمی ببەن، تاوەکو پشتبەستن بە غازی سروشتی کەم بکەنەوە و رێگریی لە بەرزبوونەوەی نرخ و کەمیی سووتەمەنی بگرن لە کاتی قەیرانە جیۆپۆلیتیکییەکاندا.
رووداوە یەک لە دوای یەکەکان دەریدەخەن کە بازاڕەکانی وزەی جیهان تا چەند شڵەژاون؛ بەو پێیەی نزیکەی 20%ـی نەوتی جیهان و بڕێکی زۆر لە غازی سروشتی بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت. هەر شڵەژانێک لەم ناوچەیەدا کاریگەریی خێرا لەسەر نرخ و دابینکردن دروست دەکات، وەک چۆن دوای وەستانی بەرهەمهێنانی غازی شل لە قەتەر، کارگەکانی هیندستان، کۆریای باشوور و تایوان تووشی کێشە بوون.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"، ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی هەناردەکار دەستکەوتی گەورەیان دەبێت، بەڵام تێکچوونی دابینکردنی وزە لە ناوچەکە وای کردووە وڵاتانی هاوردەکار روو لە وزە نوێبووەوەکان و خەڵوز بکەن. ئەمە دووەمجارە لە چەند ساڵی رابردوودا جەنگ ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی غاز، دوای ئەوەی جەنگی ئۆکرانیا هەمان کاریگەریی دروست کردبوو.
تارق رەفاعی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ناوەندی "کورۆم" بۆ کاروباری ئابووری ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، هەر ململانێیەکی بەرفراوان کە ئێران بگرێتەوە، نابێتە هۆی پاشەکشەی خێرای جیهان لە پشتبەستن بە غازی سروشتی، چونکە ژێرخانی وزە و گرێبەستەکان درێژخایەنن و گۆڕینیان ساڵانێکی زۆری دەوێت.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات، لە هەندێک وڵاتی وەک ڤێتنام نیشانەی "سووتەمەنی نەماوە" لە وێستگەکان دەرکەوتووە، لە پاکستان بەرپرسان داوایان کردووە هەفتەی کارکردن بکرێتە 4 رۆژ بۆ پاشەکەوتکردنی وزە، وڵاتانی وەک مەجارستان و کرواتیاش ناچار بوون سنوورێک بۆ نرخی سووتەمەنی ناوخۆیی دابنێن. لە کورتخایەندا، وڵاتان کێبڕکێ دەکەن بۆ دەستکەوتنی وزە لە هەر سەرچاوەیەک بێت، چونکە ئێستا نەوت و غاز و خەڵوز 80%ـی پێداویستییەکانی جیهان بۆ وزە پڕ دەکەنەوە.