وەزارەتی بازرگانی عێراق: دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە بەردەوامە
ئەمڕۆ سێشەممە، 31ـی ئاداری 2026، وەزارەتى بازرگانى عێراق لە راگەیەندراوێکدا جەختیکردەوە، بەردەوام دەبن لە دابینکردنى بەشەخۆراکی هاووڵاتیان، ئەمەش بۆ بەرزکردنەوەى ئاسایشى خۆراک و پاراستنى سەقامگیرى بازاڕى ناوخۆ گرنگە.
وەزارەتی بازرگانی روونیشیکردەوە، دابەشکردنی بەشەخۆراک بەپێی پلان بەڕێوەدەچێت، کە دڵنیایی دەدات لە گەیاندنی بەشەخۆراک بۆ سەرجەم پارێزگاکان، ئەمەش دەبێتە کەمکردنەوەی هەڵاوسانی نرخەکان لە بازاڕ.
سەبارەت بە ئامادەکردنی بەشەخۆراک، وەزارەت ئاماژەی بەوەدا، لە ساڵی رابردوودا بەشەخۆراکی 10 مانگیان دابەشکردووە، جگە لە دابەشکردنی 10 بەشە ئاردی مانگانەی هاووڵاتیان، جەختیشی کردەوە، دابەشکردنەکە بەردەوام دەبێت بەپێی بەرنامەی پەسەندکراوی حکوومەت.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتدا هاتووە، یەدەگی پێویستی ماددە خۆراکییەکانمان هەیە، بەمەش دەتوانرێت خواستی ناوخۆیی دابینبکرێت و چارەسەری حاڵەتە فریاگوزارییە جیاوازەکانیش بکات، راشیگەیاند، بەردەوامن لە چاودێریکردنی کارەکانی دابەشکردنی بەشەخۆراک بەسەر بریکار و هاووڵاتیان.