سندوقی دراوی نێودەوڵەتی: جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڕەشە لە ئابووری جیهان دەکات

سندوقی دراوی نێودەوڵەت، ئەمڕۆ سێشەممە، 31ـی ئاداری 2026، رایگەیاند، شەڕی بەردەوامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەرییەکی قورسی کردووەتە سەر کەرتەکانی وزە، بازرگانی، دابینکردن و بازاڕە داراییەکان، ئەمەش بووەتە بارێکی گەورە بەسەر ئابووری جیهانەوە.

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم ململانێیە شۆکێکی جیهانییە بەڵام نایەکسانە و بە پلەی یەکەم لە سێ ڕێگەی سەرەکییەوە کاردەکاتە سەر جیهان ئەوانیش  نرخی وزە،  بازرگانی نێودەوڵەتی، بارودۆخی دارایی.

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی هۆشداری دا کە پەککەوتنی دابینکردنی وزە مەترسیدارترین لایەنی ئەم قەیرانەیە، هەروەها گۆڕینی رێڕەوی کەشتییە بارهەڵگرەکان بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە و دڵنیایی، لەگەڵ درێژبوونەوەی کاتی گەیشتنی کاڵاکان، پەککەوتنی گەشتە ئاسمانییەکانیش لە ناوەندە سەرەکییەکانی کەنداو زیانی بە بازرگانی گشتی گەیاندووە.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، بەهۆی تێکچوونی گواستنەوەی پەینە کشتوکاڵییەکان کە سێیەکیان بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن، مەترسییەکی زۆر لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک دروست بووە، هەروەها هۆشداری دا لە بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان لە ئاستی جیهان و لاوازبوونی گەشەی ئابووری، چونکە قەبارەی ئەم زیانانە بەندە بە ماوەی بەردەوامی و توندی ململانێکانەوە.

ئەم هۆشدارییانەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە کاتێکدایە کە گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەکە گەیشتوونەتە ئاستێکی بێپێشینە، لە 28ـی شوباتەوە ئەمریکا و ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی چڕیان بۆ سەر ئامانجەکان لە ئێران دەستپێکردووە.