ئاراس شێخ جەنگی: تەندروستی لاهوور شێخ جەنگی باشە
ئاراس شێخ جەنگی ئاماژە بەوە دەکات، ناتوانێت بگەڕێتەوە سلێمانی بۆیە تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە لە زیندان هەر یێکە لە پۆڵاد شێخ جەنگی و لاهوور شێخ جەنگی ببینێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 31ـی ئاداری 2026، ئاراس شێخ جەنگی، برای لاهوور شێخ جەنگی، لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر شەشی ئێوارە، کە کۆڤان عزەت پێشکەشی دەکات، بە کوردستان24ـی راگەیاند: هەر یێکە لە لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی تاوەکو ئێستا لە زیندانن و ئازاد نەکراون و چاوەڕێی دادگاییکردنن.
ئاراس شێخ جەنگی دەڵێت: کەسوکارەکانمان سەردانیان دەکەن و لە زیندان دەیانبینن، "بەڵام تاوەکو ئێستا نەمتوانیوە سەردانیان بکەم، چونکە رێگە نادرێت بگەڕێمەوە سلێمانی، هۆکارەکەی دەبێت لە قوباد تاڵەبانی بپرسن، چونکە بەمنیان راگەیاندووە ناتوانی بگەڕێیتەوە سلێمانی".
ئاراس شێخ جەنگی گوتیشی: هەر یێکە لە پۆڵاد و لاهوور شێخ جەنگی لە زیندانی تاکەکەسین و ژوورەکانیان خراپ نین و تەلەفزیۆن لە ژوورەکانیان هەیە، زانیاری وردم لەلا نییە کە ژمارەی ئەو کەسانەی لەلایان زیندانیکراون چەندە، بەڵام نزیکەی 45 کەس دەبن، هەروەها تەندروستیان باشە و جێگیرە.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، دادگای تەمیزی هەولێر دووجار دۆسیەکەی کراوە، بەڵام دادگای سلێمانی کۆپی دۆسیەکەی ناردووە، ئەوراقە ئەسڵیەکانی نەناردووە.
لە وەڵامی، پرسیاری ئەوەی، ئایا راستە دەگوترێت پۆڵاد و لاهوور شێخ جەنگی مانیان لە خواردن گرتووە؟، ئاراس شێخ جەنگی رایگەیاند: زانیاری لەبارەیەوە نییە.