ترەمپ بۆ وڵاتان: خۆتان گەرووی هورمز بکەنەوە
سەرۆکی ئەمریکا، پێشبینی دەکات جەنگی ئێستا لەگەڵ ئێران بەم زووانە کۆتایی بێت، هاوکات داوای لەو وڵاتانە کرد کە بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە زیانیان پێگەیشتووە، خۆیان هەوڵی کۆنترۆڵکردنەوە و کردنەوەی ئەو رێڕەوە ئاوییە بدەن.
رۆژی سێشەممە، 31ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی نوێدا بۆ رۆژنامەی "نیویۆرک پۆست" رایگەیاند: "پێموایە جەنگ لەگەڵ ئێران بەم زووانە کۆتایی دێت."
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، کە وڵاتانی دیکە دەتوانن سەربەخۆیانە کار بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بکەن و جەختی کردەوە کە "کاتێک ئێمە ناوچەکە جێدەهێڵین، ئەو کات گەرووی هورمز دەکرێتەوە."
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: کە وڵاتەکەی تواناکانی ئێرانی بە تەواوی تێکشکاندووە، بەڵام پێویستیان بە کاری زیاترە بۆ راگرتنی هێرشەکانی تاران.
ترەمپ ئامانجی سەرەکیی خۆی لەوەدا کورتکردەوە کە "تەنیا دڵنیابنەوە لەوەی تاران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
لە لایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپ، ئەمجارەیان لە چاوپێکەوتنێکدا، لە بارەی یۆرانیۆمی کۆگاکراو، بۆ کەناڵی "سی بی ئێس" ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەو یۆرانیۆمانە لە شوێنی زۆر قووڵدان و دەرهێنانیان پرسێکی ئاڵۆزە و کاتی دەوێت، بەڵام واشنتن بڕیاری پێویستیان لە بارەوە دەدات.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدا دێن کە جەنگی نێوان ئێران لە لایەک و ئیسرائیل و ئەمریکا لە لایەکی دیکەوە، پێی ناوەتە 32ـیەمین رۆژی خۆی. لەگەڵ ئەوەی ئەمریکا هێزی زیاتری بۆ ناوچەکە ناردووە، بەڵام هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە رێگەی وڵاتانی (پاکستان، تورکیا و میسر) بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی.