چین و پاکستان دەستپێشخەرییەکی پێنج خاڵی بۆ سەقامگیریی کەنداو رادەگەیەنن
حکوومەتەکانی چین و پاکستان بە فەرمی دەستپێشخەرییەکی پێنج خاڵییان بۆ گەڕاندنەوەی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەی کەنداو راگەیاند و داوای پاراستنی ئاسایشی رێڕەوە ئاوییەکانیان کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە، 31ـی ئاداری 2026، وڵاتانی چین و پاکستان دەستپێشخەرییەکی هاوبەشیان بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ ناوچەی کەنداو راگەیاند.
بە پێی راگەیەنراوێکی فەرمیی حکوومەتی پاکستان، ئەم دەستپێشخەرییە لە پێنج خاڵی سەرەکی پێکهاتووە و ئامانجی سەرەکیی پاراستنی ئاسایشی ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەکانی گواستنەوەی دەریاییە.
هاوکات، ئاژانسی هەواڵی "شینخوا"ی چینی بڵاوی کردەوە، کە هەردوو وڵات داوایان کردووە بە زووترین کات گەشتە دەریاییە ئاساییەکان لە گەرووی هورمزدا دەست پێبکەنەوە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەی ئەو فشارە ئابووری و ئەمنییانەی روویان لە ناوچەکە کردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە لەوەتەی جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، سوپای پاسدارانی ئێران گەرووی هورمزی بەرووی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان داخستووە، کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە بازاڕەکانی جیهان.
بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.